سەردێڕ:

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆى گەردەلوولی دۆریانەوە بۆ ٢٠ کەس بەرزبووەوە

ئەمریکا بارى نائاسایى ڕاگەیاندووە
فۆتۆ: 
2019-09-05

1843 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی ئەو کەسانەى بەهۆى گەردەلوولی دۆریانەوە گیانیانلەدەستداوە بۆ ٢٠ کەس بەرزبووەوە و ئەمریکاش بارى نائاسایى لە ڕۆژهەڵاتى وڵاتەکە ڕاگەیاند.

دوین ساندێز، وەزیری تەندروستی باهاما ئەوەی خستەڕوو " ئێمە نیگەرانین بەهۆی ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاترى ژمارەی قوربانییەکان،  لەکاتێکدا ژمارەی قوربانییەکان پێش بڵاوکردنەوەی ئامارە نوێیەکە تەنها ٧ کەس بوون".

هاوکات دەزگاى کەشناسى ئەمریکا هۆشداریدا لە نزیکبوونەوەى گەردەلولى دۆریان لە ناوچەى کەناراوەکانى ڕۆژهەڵاتى ئەمریکا کە خێراییەکەى ١٨٥ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە لەلایەن ئاژانسی فڕین و بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی " ناسا" وە بڵاوکراوونەتەوە گەردەلوی ناوبراو بووەتە هۆی وێرانکارییەکی زۆر.

هیوبیر مینیس، سەرۆک وەزیرانی باهاما وتی، لەسەدا ٦٠ بیناکانی بەندەری "مارش" بەشێوەیەکی گەورە زیانیان بەرکەوتووە.

هاوکات مارک لوک، بریکاری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارە مرۆییەکان وتی، لە ئێستادا ٧٠ هەزار کەس لە دوورگەی باهاما پێویستییان بە یارمەتی مرۆیى بە پەلە هەیە وەکو خۆراک و ئاوی خواردنەوە.

هەروەها مارک لوک ئەوەی ڕاگەیاند، ئەم گەردەلولە کە چەند ڕۆژێکە ناوچەکەى گرتووەتەوە بەهێزترین کارەساتی سروشتییە کە ڕووبەڕووی باهاما بووەتەوە و پێشتر ناوچەکە ڕووداوێکی لەم شێوەیەی بەخۆوە نەبینیووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا تیمە فریاگوزارییەکان نەیانتوانیوە بگەنە چەند شوێنێکی ناوچەکە.

لە ئێستادا گەردەلولى دۆریان ئاڕاستەکەى بەرەو باکورى دروگەى باهاما و ڕۆژهەڵاتى ئەمریکا گۆراوە.