سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان: پێدەچێت وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستیان لە تاوانی جەنگدا هەبێت

فۆتۆ: 
2019-09-05

788 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندووە، پێدەچێت وڵاتانی ئەمریکا وبەریتانیا و فەڕەنسا لە تاوانەکانی جەنگی شەڕی ناوخۆی یەمەنەوە تێوەگلابن لە ڕێگەی پشتیوانیکردنی هاوپەیمانێتییەکەی سعودیە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، ئەو سێ وڵاتەی ڕۆژئاوا چەکیان بە هاوپەیمانێتییەکەی سعودیە فرۆشتووە و لە ڕێگەی هاوکاری لۆجیستی و هەواڵگرییەوە پشتیوانییان کردوون لە کاتێکدا هاوپەیمانێتییەکەی سعودیە "هاوڵاتیانی مەدەنی لەبرسا دەکوژێت وەک تەکتیکی جەنگ".

نەتەوەیەکگرتووەکان لەو ڕاپۆرتەیدا بە بەڵگە تاوانەکانی یەمەنی خستووەتەڕوو لە نێویشیاندا هێرشی ئاسمانی سەر ناوچەی جێنشین، تۆپبارانکردنی هەڕەمەکی، تەقەی قەناس بەدەستەکان، بۆمبی چێندراو، کوشتن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکییانە، ئەشکەنجە و بەکارهێنانی توندوتیژی سێکسی دژ بە دەستگیرکراوان، ڕێگەگرتن لە گواستنەوەی هاوکاری مرۆیی بە کەسانێک کە لە خراپترین دۆخی مرۆییدا دەژین.

ئاماژەش بەوەکراوە، هەردوو لایەنی بەشدار لە شەڕی یەمەن دەستیان لە توندوتیژییەکانی وڵاتەکەدا هەیە.

بە گوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ماوەی شەڕی ناوخۆی چوار ساڵەی یەمەندا زیاتر لە ٧ هەزار و ٢٩٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و لەسەدا ٨٠ی دانیشتوانی وڵاتەکەش کە ژمارەیان ٢٤ ملیۆن کەس تێپەڕدەکات پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی و پاراستن هەیە.