سەردێڕ:

فۆکس نیوز: ئێران بنکەیەکی لەسەر سنوری نێوان عێراق و سوریا دامەزراند

فۆتۆ: 
2019-09-04

2299 جار خوێندراوەتەوە

میدیایەکی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئێران بنکەیەکی سەربازی نوێی بە نهێنی لەسوریا لەسەر سنوری عێراق دروستکردووە، کە هەزاران سەرباز لەخۆ دەگرێت و هەروەها ئاماژە بە دامەزراندنی پایەی موشەکی ئاڕاستەکراو دەکات تیایدا.

ماڵپەڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە چەند سەرچاوەیەکی هەوآڵگری ڕؤژئاواوە ئەوەی ڕوونکردەوە کە، ڕێککەوتنێک کراوە لەسەر پرۆژە نهێنییەکەی ئێران، کە بە " کۆمەڵگای ئیمامی عەلی" ناوزەند کراوە لەلایەن سەرکردە بەرزەکانی تارانەوە، هێزی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران تیایدا ئەرکە سەربازییەکانیان تەواودەکەن.

ئەو سەرچاوە هەواڵگرییە زانیاری تەواو و وردی لەبەردەستدایە دەربارەی دامەزراندنی ئەم بنکەیە لەڕێگەی کۆمپانیاکانی مانگە دەستکردەکانەوە و چەند گرتە ڤیدیۆییەکیان بەدەست گەیشتووە کە تیایدا دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی لە سەر سنوری سوریا لەگەڵ عێراقدا دەخاتەڕوو.

شیکەرەوەکانی کۆمپانیای " ئیمج سات ئینتەرناشناڵ" کە  وێنەی مانگە دەستکردەکانیان خستووەتەڕوو، باس لەوەشدەکەن موشەکە ئاڕاستە وردەکان لەناو پێنج بینای جیاوازدا هەڵگیراون کە تازە دروستکراون و بە گڵێکی زۆر ڕوپۆش کراون، هەروەکو لە وێنەکەدا دیارە لە بەشی باکوری ڕۆژئاوای بنکەکەوە، ١٠ کۆگای تر دروستکراون کە بە ڕووپۆشی پارێزراوی کەمتر داپۆشراون لەچاو بینا نوێیەکاندا و چەند بینایەکی تەواو نەکراو بۆ هەڵگرتنی موشەکەکان .

شیکەرەوەکانی ئیمج سات ئینتەرناشناڵ ئاماژەیان بەوەکرد کە ئەگەری هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا بنکەکان ئامادەببن بۆ بەکارهێنان، بەپێی وتەی پسپۆڕانی ئەمنی ئەمە یەکەمجارە کە سوپای ئێرانی بنکەیەکی سەربازی بەو قەبارەیە لە خاکی سوریا دروستبکات، بنکەکانی سوپای ئەمریکاش لە دووری کەمتر لە ٢٠٠ میل لەو بنکە نوێیەی ئێرانەوە دوورن.

ڕۆژنامەی " هیوم"ی ئیسڕائیلی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، ئەم بنکە سەربازییە نوێیە وەکو پێگەیەکی سوپای حەشدی شەعبی سەر بە تاران بەکاردێت کە مانگی ڕابردوو کرانە ئامانج.