سەردێڕ:

ئێران حەوت کەسی لە تیمی کەشتییە بەریتانیەکە ئازادکرد

١٩ی تەمموز سوپای پاسدارانی ئێران دەستیانگرت بەسەر كەشتیەكی نەوتهەڵگری بەریتانیدا بە ناوی (ستینا ئیمپێرۆ)،
فۆتۆ: 
2019-09-04

1475 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە کەناڵی فەرمی حکومەتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، حەوت کەشتیوانی ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەی بەریتانیای ئازادکردووە کە مانگی تەمووز ئێران لە گەرووی هورمز دەستی بەسەرداگرت.

وتەبێژەکە باسی لەوەکردووە، کەشتیوانەکان بە ڕەچەڵەک خەڵكی وڵاتانی (هیندستان، روسیا، لاتڤیا)ن و کەشتی نەوتهەڵگری (ستینا ئیمپێرۆ)یان جێهێشتووە، وتوشیەتی "کەشتیوانەکان بەهۆکاری مرۆیی ئازادکراون".

ئەمە لەکاتێکدایە مانگی تەمووزی ڕابردوو ئێران نۆ کەشتیوانی هیندی ئازادكرد كە لە ریزی تیمە كەشتیوانەكەی كەشتی نەوتهەڵگری ستینا ئیمپێرۆدا بون.

١٩ی تەمموز سوپای پاسدارانی ئێران دەستیانگرت بەسەر كەشتیەكی نەوتهەڵگری بەریتانیدا بە ناوی (ستینا ئیمپێرۆ)، هاوكات دەستەی كەشتیوانی كەشتیەكەشیان دەستبەسەركرد.

ئەوەش لەکاردانەوەی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانیدابوو لەلایەن بەریتانیاوە لە ئاوەکانی جەبەل تاریق، کە گومانی لێدەکرا کەشتییەکە نەوت بۆ سوریا بگوازێتەوە.

هەرچەندە بەریتانیا گەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئێرانی (ئەیدریان داریا١)ی ئازادکرد، بەڵام تا ئێستا کەشتییە بەریتانییەکە لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.