سەردێڕ:

"گەورەترین بکوژ"ی وڵاتە دەوڵەمەندەکان

فۆتۆ: 
2019-09-04

4808 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی زانستی ئاشکرای دەکات شێرپەنجە هۆکاری زۆرترین حاڵەتەکانی مردنی کەسانی تەمەن مامناوەندە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا، ئەگەر بەراورد بکرێت بە نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشی دەمارەکانی خوێن.

ماڵپەڕی بی بی سی لە راپۆرتێکدا وردەکاری توێژینەوەکەی بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە لەسەر ئاستی جیهان نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک سەرەکیترین هۆکارەکانی مردنن لە کەسانی تەمەن مامناوەندا.

بەشێک لە توێژینەوەکانیش ئەوەیان خستووەتەڕوو، کە پێشبینی دەکرێت تێکڕایی مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە وڵاتە دەوڵەمندەکاندا بە رێژەی ٢.٥ ئەوەندی ئێستا لە کەسانی تەمەن مامناوەندیدا زیاتر ببێت، ئەگەر بەراورد بکرێت بە نەخۆشییەکانی خوێن و دڵ، بەڵام لە وڵاتە هەژارەکاندا رێژەی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ لە هەمان تەمەندا سێ بەرامبەر زیادی کردووە.

توێژینەوەکە لەلایەن ناوەندی لانێستی پزیشکییەوە لە چوارچێوەی بەرنامەی توێژینەوەی نێودەڵەتیدا لەسەر ئاستی ٢١ وڵاتی جیهان بڵاوکراوەتەوە، کە تیایدا ١٦٠ هەزار کەس لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ تاوەکو ٢٠١٦ بەشداریان لە توێژینەوەکەدا کردووە و تێکڕای تەمەنی بەشداربووان ٥٠ ساڵ بوو.

لەو ماوەیەدا ١١ هەزار کەس لە بەشداربووانی توێژینەوە گیانیان لە دەستداوە، بەجۆرێک رێژەی مردن لە وڵاتە هەژارەکاندا چوار بەرامبەر زیاتر بووە بە بەراورد بە وڵاتە دەوڵەمەندەکان، هۆکاری مردنی دوو هەزار کەسیش نەزانراوە.

سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە باسیان لەوەکردووە، تێکڕای مردن بەهۆی نەخۆشی دڵ و خوێن لە وڵاتانی ئاست مامناوەند و تازە گەشەسەندوودا بە رێژەی لە سەدا ٤٠ کەمیکردووە و لە وڵاتانی دەوڵەمەندیشدا کەمتر لە ٢٥%ی هۆکارەکانی مردن بە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنەوە تۆمارکراوە.

لەو بارەیەوە جێرمی بێرسون، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە باسی لەوەکردووە، کەمبوونەوەی هۆکاری مردن بە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنەوە بۆ دەستگەشتن بە دەرمانی چارەسەر و نەخۆشخانەی پێشکەوتوو لە وڵاتانی دەوڵەمەندا دەگەڕێتەوە، ئەوەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە توشبووانی نەخۆشییە قورسەکانی دڵ و جەڵتە لە مردن رزگاریان ببێت.

هـ.ع