سەردێڕ:

وردەکاری سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئاژانسی ئاسمانی ئێران

ناوەندی مەهدەشت سەر بە ئاژانسی ئاسمانی ئێران
فۆتۆ: 
2019-09-03

4981 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆکاری بەشداریکردنی ئاژانسی ئاسمانی  ئێران لە چالاکییە هەستیارەکانی بڵاوکردنەوەی چەکدا، واشنتۆن سزای بەسەر ئەو دامەزراوەیەی ئێراندا سەپاندووە.

مایک پۆمپیۆ باسی لەوەشکردووە، "یەکەمجارە ئەمریکا سزا بەسەر ئاژانسی ئاسمانی ئێرانیدا دەسەپێنێت کە دامەزراوەیەکی مەدەنییە، ئەوەش بەهۆکاری چالاکییەکانی لە پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکی بالیستیدا".

هاوکات ئەمرۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر سێ دامەزراوەی ئاژانسی ئاسمانی ئێراندا سەپاندووە کە بریتین لە ئاژانسی ئاسمانی ئێران و ناوەندی توێژینەوەی ئاسمانی ئێران و پەیمانگای توێژینەوەی کاروباری ئاسمانی.

بەرپرسانی واشنتۆن ئاماژە بەوەدەکەن، دەسەڵاتدارانی تاران دەخوازن لە ژێر ناونیشانی هەڵدانی کەشتی ئاسمانیدا، (ئاژانسی ئاسمانی/مەدەنی ئێران) لە بواری بەرەوپێشبردنی موشەکی بالیستیدا بەکاربهێنن.

سزاکانی واشنتۆن دوای ئەوە هات ئاژانسی ئاسمانی/مەدەنی ئێران رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ویستی کەشتییەکی ئاسمانی بەرەو بۆشایی ئاسمان لە بنکەی خومەینی ئاسمانییەوە بەڕێبکات، بەڵام کەشتییەکە دوای ماوەیەک لە بەرزبوونەوەی تەقییەوە.

بەرپرسێکی ئیدارەی واشنتۆنیش باسی لەوەکردووە، واشنتۆن دەتوانێت سزا بەسەر کۆمپانیا بیانی و حکومیەکانیشدا بسەپێنێت، ئەگەر دەرکەوت هاوکاری ئاژانسی ئاسمانی ئێران دەکەن.

لە ماوەی سێ مانگی رابردووشدا واشنتۆن سزای بەسەر سیستمی بانکی ئێران و هەشت فەرماندەی باڵا سەبازی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە کە لەناویاندا فەرندەی سوپای پاسداران و جێگری وەزیری بەرگری ئێران هەبوون، دواین بەرپرسی باڵای ئێران کە واشنتۆن سزای بەسەردا سەپاند بریتیبوو لە محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران.

هـ.ع