سەردێڕ:

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: تەلئەبیب هەماهەنگی ڕۆژانەی لەگەڵ واشنتۆندا هەیە لە عێراق

فۆتۆ: 
2019-09-03

1090 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی (یدیعوت ئەحڕونوت)ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی ئیسرائیلەوە بڵاویکردووەتەوە، ئیسرائیل و واشنتۆن لەبارەی چالاکییەکانی ئیسرائیل لە عێراق هەماهەنگی لە نێوانیاندا هەیە.

سەرچاوەکە وتوویەتی، "ئێمە لەگەڵ ئەمریکییەکاندا هەماهەنگیمان هەیە لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازیدا".

وتوشیەتی، ئیسرائیل لە پەیوەندی بەردەوام دایە لەگەڵ ئەمریکییەکان بەپێی پلانی ڕۆژانە، و لەگەڵ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا بە بەردەوامی لە گفتوگۆدابوون سەبارەت بە پرسە ئەمنییەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، مانگی ڕابردوو چەند هێرشێکی ئاسمانی کرانە سەر بارەگا و کۆگای چەکی حەشدی شەعبی لە عێراق و زیانی گیانی و ماددی لیکەوتەوە.

حەشدى شەعبى ئۆباڵی ئەو هێرشانەی خستەئەستۆی ئیسرائیل، هەروەها ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی لەپشت هێرشەکانەوە بووبێت، بەڵام پنتاگۆن ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند "پشتیوانی لە سەروەری خاکی عێراق دەکەن و دژی هێرشی دەرەکین بۆ سەر خاکی وڵاتەکە".