سەردێڕ:

گەنجێک بەهۆی خواردنی چپسەوە بینایی لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-09-03

24603 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە زیانى خواردنە خراپەکان بەتایبەتی دوای ئەوەی گەنجێکی تەمەنی ١٧ ساڵ بەهۆی زۆر خواردنی چپس و هاوشێوەکانیەوە بینایی چاوەکانی لەدەستدا.

پزیشکانی چاو لە نەخۆشخانەى بریستۆڵ لە بەريتانيا چاودێری ئەم گەنجەیان دەکرد تاکو کاتی کوێربوونی، ئەم گەنجە لەدوای قۆناغی سەرەتاییەوە خواردنی ئەو تەنها پەتاتەی سورەوەکراو، چپسی پەتاتە و پرینگلس و نانی سپی  و هەندێکجاریش گۆشتی مەڕ یاخود سۆسیج بووە، بەپێی تاقیکارییە پزیشکییەکان گەنجەکە توشی کەمی ڤیتامین و ژەهراوی بوون بە خۆراکە زیانبەخشەکان بووە.

سەرەتا پزیشکەکان دوای شیکاریکردنی نەخۆشییەکە بەهۆی هەستکردن بە ماندوویەتی و خراپی باری تەندروستی گەنجەکەوە کاتێک لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بوو چەند چارەسەرێکی کەمی ڤیتامینەکانیان بۆ دانا لەوانە کۆمەڵەی ڤیتامینەکانی بی، بەڵام گەنجەکە بەردەوام نەبووە کە بەکارهێنانی چارەسەرەکان و زیاتر خۆراکە زیانبەخش کەم ڤیتامینەکانی خواردوە.

لەپاش سێ ساڵ، گەنجەکە سەردانی نەخۆشخانەی چاوی برسیتۆڵ دەکات بەهۆی لەدەستدانی بەشێکی بیناییەوە، دکتۆر "دێنزی ئاتەن" پزیشکی گەنجەکە وتی، ژەمە خۆراکەکانی بریتی بوون لە چیپس و خۆراکە سورەوەکراوەکان لە خواردنگەکانی دەرەوەی ماڵەکەیدا و هەروەها ژەمە سوکەکانی وەک چیپسی پەتاتە و پرینگلس و نانی سپی، زۆر بەدەگمەن سەوزە و میوەکانی وەکو خۆراک هەڵبژاردوە، پزیشکەکە ئەوەشی ڕوونکردەوە کە گەنجەکە حەزی لە خواردنە جۆراوجۆرەکان نەبووە و چیپس و هاوشێوەکانی تەنها سەرچاوەی خۆراکی ئەو بوون.

دکتۆر ئاتەن و هاوەڵەکانی دووبارە لە ئاستی ڤیتامنی گەنجەکەیان کۆڵییەوە، بەهەمان شێووە ئاستی ڤیتامین بی١٢ لە لەشیدا ئیجگار کەم بوو و هەروەها کانزاکان و سیلینیۆم و ڤیتامین دی و  ڤیتامینەکانی تریش بەهەمان شێوە کەم بوون، گەنجەکە نە قەڵەو بوو نە کێشی کەم بوو بەڵکو توشی بەدخۆراکی ببوو بەهۆیەوە کانزاکانی ئێسکی لەدەستدابوو کە لە ڕاستیدا زۆر جێگای مەترسییە بۆ کەسێک لەو تەمەنەدا بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی، گەنجەکە سەرەتا چەند خاڵێکی ڕەشی لە بینیدا بەدی کردوە و  پاشان بینیی بەتەواوی لێڵ بووە مانای وایە چیتر ناتوانێت شۆفێری بکات و زۆر بە سەختی دەیتوانی بخوێنێتەوە و تەماشای تەلەفزیۆن بکات یاخود ڕووخسارەکان بناسێتەوە، لە ئێستادا دەتوانێت بە تەنها پیاسە بکات چونکە بینینێکی تاڕادەیەک سنورداری ماوە.

پسپۆڕانی بەشی دەمار ئەوەیان خستەڕوو، ئەگەر زووتر حاڵەتەکە دیاری بکرایە دەتوانرا چارەسەر بکرێت بەڵام ئێستا زۆر درەنگە و دەمارە ڕووناکییەکانی چاوی گەنجەکە توشی زیانێکی زۆر هاتوون بەیەکجاری.

دکتۆر ئاتەن ڕایگەیاند، حاڵەتەکانی لەم شێووەیە دەگمەنن و نا باون بەڵام پێویستە لەسەر دایک و باوکان ئاگاداری منداڵەکانیان بن لە هەر زیان و کێشەیەکی تەندروستی کە بەهۆی زۆراکی خراپەوە دروست دەبن و بەزووترین کات سەردانی پسپۆڕی تایبەت بکەن.