سەردێڕ:

عێراق.. کۆمسیۆن ڕۆژى تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەکان دیاریکرد

ماوەى یەک مانگ دیاریکراوە
فۆتۆ: 
2019-09-03

1027 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێڕاق ڕایگەیاند، پێنجى ئەم مانگە تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانى عێراق دەستپێدەکات.

ڕیاز بەدران، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئەمڕۆ سێ شەممە ٣ى ئەیلولى ٢٠١٩ بڵاویکردووەتەوە و تێیدا هاتوە، ئەنجومەنی کۆمیسیاران بڕیاری کردنەوەی ماوەی هاوپەیمانێتی لە هەڵبژاردنەکاندا داوە بۆ ماوەى مانگێک بۆ ئەو لایەنانەی کە تۆمارکراون لە فەرمانگەی کارەکانی حیزبەکان و ڕێکخراوە سیاسییەکان لەماوەی ٥/٩/٢٠١٩ تاکو ٥/١٠/٢٠١٩.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجومەنی کۆمسیاران داواکارە لەو لایەنانەی کە خۆیان تۆمار کردووە، سەردانی فەرمانگەی ناوبراو بکەن بەمەبەستی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکانیان لەو ماوەیەی بڕیاری لەسەردراوە.

یەکی مانگی نیسانی ساڵى ٢٠٢٠ دیاریکراوە بۆ کاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانى عێراق جگە لە هەرێمى کوردستان و هاوکات بۆ یەکەمجاریشە لە دواى ٢٠٠٥وە کەرکوکیش بگرێتەوە، هەرچەندە لایەنە کوردیەکانى ئەو شارە لەگەڵیدا نین و پێیان وایە گۆڕانکارى لە دیمۆگرافیاى کەرکوکدا کراوە.