سەردێڕ:

فەڕەنسا پێشنیازی کردووە ١٥ ملیار دۆلار بدرێتە ئێران

بەمەرج دەبێت
فۆتۆ: 
2019-09-03

10091 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ڕایگەیاند، فەڕەنسا پێشنیازی کردووە ١٥ ملیار دۆلار بدرێتە ئێران لەبەرانبەر جێبەجێکردنی چەند مەرجێک لەلایەن ئێرانەوە.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی پەیوەست بە دۆسێی ئێران ڕایگەیاند، فەڕەنسا پێشنیازێکی وەک جێگرەوەیەک بۆ میکانیزمی ئەوروپا لە چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئێراندا خستووەتەڕوو کە ئەویش پێدانی بڕی ١٥ ملیار دۆلارە بە ئێران لەبەرانبەر ئەوەی حکومەتی تاران دەستهەڵبگرێت لە ناجێگیریی ئاسایشی ناوچەکە و سنورێکیش بۆ پرۆگرامە موشەکە بالیستییەکانی دابنێت.

هەر لەو پێشنیازەدا داوا لە ئێران کراوە کاربکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناجێگیریی نێوان تەلئەبیب و حزبوڵا لە سنوری نێوان ئیسڕائیل و لوبناندا.

ئەو پێشنیازەش لە میانی سەردانی شاندێکی ئێرانی بە سەرۆکایەتی عەباس عێراقچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دێت بۆ فەڕەنسا.

هاوکات تەلەڤزیۆنی ئێران لەسەر زاری عەلی رەبیعی وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەکردووە، دید و بۆچوونەکانی نێوان تاران و پاریس لەیەکتر نزیکن سەبارەت بە دۆسێی ئەتۆمی ئێران، ئەوەش دوای پەیوەندییەکەی تەلەفۆنی لەنێوان ئیمانوێڵ ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا لەگەڵ حەسەن ڕوحانی هاوتا ئێرانییەکەی دێت.

ئەوە لەکاتێکدایە ئێران گەشبینە بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بەر لەوەی ئەو وادەیە کۆتایی بێت کە دەسەڵاتدارانی تاران دیارییان کردووە بۆ دەستپێکردنی قۆناغی سێیەمی کەمکردنەوەی پابەندبوونیان بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و زیاترکردنی بڕی ماددەی یۆرانیۆمی پیتێندراو.