سەردێڕ:

ئەفغانستان.. بەهۆى تەقینەوەیەک ١٦کەس کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون

فۆتۆ: 
2019-09-03

626 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى ناوخۆى ئەفغانستان ڕایگەیاند، شەوى ڕابردوو تەقینەوەیەک کابوڵى پایتەختى هەژاند و بەهۆیەوە لانى کەم ١٦کەس کوژران و ١١٥کەسیش برینداربوون.

نوسرەت رەحیمى وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى ئەفغانستان ڕایگەیاند، ژمارەى قوربانیان ڕوو لە زیادبوونە بەهۆى بەهێزى تەقینەوەکەوە کە ژمارەیەک خانووى ڕووخاندووە.

ڕاشیگەیاند، تەقینەوەکە کۆمەڵگەى (گرین فلیج)ى لە گەڕەکى شورتە کردووەتە ئامانج کە نوسینگەى چەندین ڕیکخراوى نێدەوڵەتى و شوێنى پێشوازى میوانانى لێیە.

هاوکات ئاژانسى ئەسۆشێتد پریس بڵاویکردەوە، بزوتنەوەى تاڵیبان بەرپرسیارێتى تەقینەوەکەى لە ئەستۆگرتووە و مەبەستیان بووە هێزە بیانییەکان بکەنە ئامانج.

تەقینەوەکە دواى چەند کاتژمێرێک لە ئاشکراکردنى کۆنوسى ڕێکەوتنى بزوتنەوەى تاڵیبان و ئەمریکا دێت لەلایەن زاڵماى خەلیل زاد نێردەى ئەمریکا بۆ ئەفغانستان.

خەلیل زاد ئاماژەى بەوەکردووە، بەپێى رێککەوتنەکە یەکەم کاروانى کشانەوەى ٥هەزار لە هێزەکانى لە ئەفغانستان لە ماوەى ١٣٥ ڕۆژدا دەبێت.