سەردێڕ:

وێنەیەکی ئەردۆغان یۆنانییەکانی توڕەکردووە

فۆتۆ: 
2019-09-02

37630 جار خوێندراوەتەوە

وێنەیەکی سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە پشتییەوە نەخشەیەک دەردەکەوێت یۆنانییەکانی توڕەکردووە، بەگوێرەی نەخشەکە بەشێکی دوورگەکانی یۆنان و تەواوی رۆژهەڵاتی دەریاچەی ئیجە وەکو خاکی تورکیا نیشاندراوە.

رۆژی شەممە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا وێنەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بڵاوکردەوە کە لە کاتی سەردانیکردنی بۆ لای خوێندکارانی زانکۆی بەرگری تورکیا لە ئیستەنبوڵ گیراوە، لە وێنەکەدا ئەردۆغان واژۆ لەسەر بەڵگەنامەیەک دەکات کە لە پشتی نوسراوە "نیشتیمانی شین" چوار هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر دووجا، بە گوێرەی نەخشەکە تەواوی سنورە ئاوییەکانی رۆژهەڵاتی دەریاچەی ئیجە و دوورگەکانی لیمنۆس و لیسپۆس و شیوسی یۆنانی وەکو بەشێک لە خاکی تورکیا نیشاندراوە.

یۆنان و تورکیا جگە لە سنورییە ئاوییەکان و دۆسیەی قوبرس، سەبارەت بە خاوەندارییەتی کردنی سامانە سروشتییەکانی دەریای ناوەڕاستیش لە ململانێدان، ناوەڕاستی مانگی تەمووز تورکیا بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ وڵاتی یۆنان لە نزیک کەناراوەکانی قوبرس دەستی بەگەڕان بەدوای نەوتدا کرد.

بڕیارەکەی تورکیا کاردانەوەی یەکێتی ئەوروپای لێکەوتەوە و لە هەنگاوی یەکەمیشدا وەکو سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا ژمارەیەک رێوشوێنی بۆ راگرتنی پێدانی ١٦٤ ملیۆن دۆلار لە پارەی سندوقی ئەوروپا بۆ تورکیا گرتەبەر، کە بڕیاربوو ئەنقەرە ساڵی ٢٠٢٠ ئەو پارەیە وەربگرێت.

هـ.ع