سەردێڕ:

ڕاهێنەرێکى فڕۆکەوانى دەبورێتەوە و خوێندکارەکەی فڕۆکەکە دەگەڕێنێتەوە سەر زەوی

فۆتۆ: 
2019-09-02

6123 جار خوێندراوەتەوە

فێرخوازێکی فڕۆکەوانی لە ئوسترالیا دوای ئەوەی ڕاهێنەرەکەی لە ئاسماندا لە هۆشی خۆی چوو، سەرکەوتووبووە لە هێنانەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سوک لە ئاسمانەوە بەرەو زەوی.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی، لە ڕۆژ ئاوای ئوسترالیا، ماکس سیلوستەر کاتێک لە کاتی ڕاهێنان پێکردنی فڕۆکەوانیدا بوو داوای یارمەتی لە سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی هاتوچۆی ئاسمانی کرد و ڕایگەیاند کە ڕاهێنەرەکەی لەهۆشی خۆی چووە، ئەندامانی تاوەری چاودێریکردن لە ناوچەی " پێرت" یارمەتی ئەویاندا تاکو بتوانێت بەسەلامەتی فڕۆکەکە بگەڕێنێتەوە،

پاشان بەهۆی کاردانەوەی خێرا و کارە ئازایەتییەکەیەوە دەستخۆشی و سوپاسێکی زۆری ئاڕاستە کرا، سیلوستەر لەو نامە ڕیکۆرد کراوەکدا کە بۆ تاوەری چاودێریکردن ناردبووی حاڵەتی ڕاهێنەرەکەی ڕوونکردەوە و پاشان نامە دەنگییەکە لەلایەن میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە، سیلوستەر لە نامەکەدا وتبووی " ڕاهێنەرەکەم کەوتووە بەسەر شانمدا و هەوڵدەدەم بتوانم کارێک بکەم بەئاگای بهێنمەوە و ڕێک دابنیشێت بەڵام نایەتەوە هۆشی خۆی و ئەکەوێت بەملاو و ئەولادا".

کاتێك کارمەندانی تاوەری چاودێرییەکە لێی دەپرسن ئایا دەتوانیت فڕۆکەکە بگەڕێنیتەوە سەرزەوی، سیلوستەر لە وەڵامدا دەڵێت، ئەمە  یەکەم وانەی فێرکاری کرداری منە.

سیلوستەر تەنها دوو وانەی فێرکاری فڕۆکەی وەرگرتبوو لەسەر زەوی و ئەم وانەیە یەکەم جاری بوو لەناو فڕۆکەیەکی ڕاستەقینەدا دەفڕی و هیچ وانەیەکی فێڕکاری بۆ لێخوڕینی نەبینیبوو.

دوای جەندین جار سوڕانەوە بەسەر فڕۆکەخانەی جانداکوت و کە نزیکەی یەک کاتژمێر درێژەی کێشا، لەو ماوەیەدا هەوڵی دەدا فێری فڕین بێت و لە ئەنجامدا سەرکەوتوو بوو بەسەلامەتی لە فڕۆکەخانەدا نیشتەوە. هێزەکانی فریاگوزاری و تەنانەت ئەندامانی خێزانەکەی لە فڕۆکەخانەکەدا چاوەڕێی نیشتنەوەی ئەو بوون، پاشان ڕاهێنەرەکەی گەیەنرایە نەخۆشخانە و بەپێی هەواڵی میدیاکان ئێستا ڕاهێەرەکە لە بارێکی تەندروستدایە.

بەرپرسی سەنتەری ڕاهێنانی فڕۆکەوانییەکە بە ڕۆژنامە نوسانی ڕاگەیاند، هیچ زیانێک بە فڕۆکەکە نەگەیشتووە و ئەم فڕینە زۆر سەرکەوتوو بووە ودەربارەی کارمەندانی فڕۆکەخانەکەش وتی،" زۆر سوپاسیان دەکەم بۆ دڵسۆزییان و من دڵنیام لە هیچ شوێنێکی جیهان هاوکارییەکی لەو شێووەیە نابینرێت".