سەردێڕ:

حزبوڵای لوبنان: کاروانێکى سەربازى ئیسرائیلمان کردووەتە ئامانج و چوار سەربازمان کوشتووە

سەرۆک وەزیرانى لوبنان داوا لە ئەمریکا و فەرەنسا دەکات بێنە سەر خەت
فۆتۆ: 
2019-09-01

6443 جار خوێندراوەتەوە

حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاند، کاروانێکى سەربازى ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج و دوو سەربازیان کوشتووە و سەرۆک وەزیرانى لوبنانیش داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکات گرژییەکانى سەر سنورى ئیسرائیل ڕابگرن.

هاوکات میدیایەکى ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە تۆپبارانەکەى حزبوڵادا فەرماندەى ناوچەى باکورى سوپاى ئیسرائیل کوژراوە.

میدیاکانى ئیسرائیلیش بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆى ئاڵۆزیەکانى نێوان ئیسرائیل و لوبنان فرۆکەخانەى بن گۆریون ئاڕاستەى هێڵى گەشتى فرۆکە مەدەنییەکانى گۆڕیووە.

هاوکات سەعەد حەریرى سەرۆک وەزیرانى لوبنان پەیوەندى تەلەفۆنى بە هەریەکە لە مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا و ئیمانول بۆن ڕاوێژکارى سەرۆکى فەرەنساوە کردووە و داوای کردووە  بێنە سەر خەت وگرژییەکانى سەر سنورى ئیسرائیل لەگەڵ باشورى لوبنان ڕابگرن.

بەیانى ئەمڕۆ ئیسرائیل چەند موشەکێکى ئاڕاستەى ناوچەى عیترۆن لە قەزاى بنت جبێل لە باشورى لوبنان کردوو دواتر ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی ڕایگەیاند، فەرماندەکانیان ئامادەن وەڵامی ئەو هێرشەی ئیسرائیل بدەنەوە، کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردیانە سەر پێگەکانیان لە شاری بەیروت.

حەسەن نەسڕوڵا رایگەیاند، هەموو بژاردەکان کراوەن لەبەردەمیاندا تا وەڵامی پێشێلکاریی سەروەریی لوبنان لەلایەن ئیسڕائیلەوە بدەنەوە، وتیشی، ئەو هەنگاوەی تەلئەبیب وا دەکات دەرگا لەبەردەم کوشتار و کاری تیرۆریستی واڵا بێت ئەگەر وەڵامیان نەبێت و بۆ ئەو کارە دوژمنکارییە.

ئەوە لە کاتێکدایە سوپای ئیسرائیل هێزەکانی لەنزیک سنوری لوبنان کۆکردووەتەوە و ئێرانیش بەوە تۆمەتبار دەکات کە یارمەتی حزبوڵای داوە بۆ دروستکردنی موشەک تا لەداهاتوودا ئاڕاستەی خاکی ئیسڕائیلی بکات.

لەبەرامبەردا حزبوڵا ئەو تۆمەتانەی رەتکردۆتەوە و رایگەیاندووە، خۆیان خاوەنی موشەکن و پێویستیان بە یارمەتی کەس نیە.