سەردێڕ:

عێراق.. مانگی رابردوو ١١١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە

داهاتەکەى زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە
فۆتۆ: 
2019-09-01

917 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، مانگی ئاب ١١١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتەکەشى زیاتر لە شەش ملیار دۆلار بووە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاند،  ١٠٧ ملیۆن و ٥٢٠ هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە هەناردەکراوە.

سەبارەت بە نەوتی کەرکوکیش رایگەیاند، رۆژانە ١٠٥ هەزار بەرمیل لە گێڵگەکانی ئەو پارێزگایە بەرهەمهێنراوە و کۆی هەناردەی نەوتی کەرکوکیش بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا سێ ملیۆن و ٢٥٣ هەزار بەرمیل بووە.

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراو لە مانگی ئابدا شەش ملیار و ٣٤١ ملیۆن دۆلاربووە و بەوپێیەى نرخى هەر بەرمیلێک بەریژەى ٥٦ دۆلار و ٧٧ سەنت بووە.

رونیشیکردەوە، هەناردەی نەوت لە مانگی ئابدا بە بەراورد لەگەڵ مانگی تەموز بە رێژەی زیاتر لە سەدا یەک زیادی کردووە، بەو پێیەی لەو مانگەدا١١٠ ملیۆن و ٥٤٨ هەزار بەرمیل هەناردەکرابوو.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە کۆتایی هەر مانگێکدا بڕی هەناردە و داهاتی نەوت بە وردی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا ئاستی هەناردەی نەوتی هەرێم و داهاتەکەی بە ناڕونی ماوەتەوە.