سەردێڕ:

واشنتن پۆست: ڕێگە بە جۆن بۆڵتن نادرێت بەشداریی دانوستانەکانی ئەفغانستان بکات

بانگهێشت نەکراوە
فۆتۆ: 
2019-09-01

2680 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، بە هۆی سیاسەتەکانیەوە ڕێگە بە جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی نادرێت بەشداری کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەفغانستان بکات.

چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، هەرچەندە بەشداریکردنی ئەو بەرپرسە ئەمنییە باڵایەی ئەمریکا لە گفتوگۆکانی تایبەت بە داهاتووی ئەفغانستان گرنگ دەبوو، بەڵام بە مەبەست ناوی جۆن بۆڵتن لە لیستی بانگهێشتکراوەکانی کۆبوونەوەکەدا نەهاتووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بۆڵتن هەمیشە کاری بۆ ئەوە کردووە پێگەی سەربازی ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان بەهێزتر بکات.

ئەو بەرپرسانە وتوشیەتی، لە ئێستادا بۆڵتن بە "دوژمن"ی ئەو ڕێکەوتنە ئاشتیە دادەنرێت کە بزوتنەوەی تاڵیبان و ئەمریکا نزیکن بڕیاری لەسەر بدەن لەپێناو کۆتایی هێنان بە درێژترین جەنگ لە مێژووی ئەمریکا کە ئەویش جەنگی ئەفغانستانە.

بەرپرسەکان باسیان لەوەشکردووە، ناڕەزاییەکانی بۆڵتن لەبارەی ڕێکەوتنەکەوە دۆناڵد ترەمپی نیگەرانکردووە، ئەوەش وایکردووە ترەمپ داوا لە یاریدەدەرەکانی بکات کە بۆڵتن بەشداری پێنەکەن لەو گفتوگۆ هەستیارانەدا.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی نوسیوە، پەراوێزخستنی جۆن بۆڵتن پرسیار لەسەر کاریگەری ئەو کەسایەتییە لەناو ئیدارەی ئەمریکادا دروستدەکات، لەکاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە چەند قۆناغێک بکشێنێتەوە، هاوکات لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ناوەکی لەگەڵ کۆریای باکوور و ئەگەری گفتوگۆکردن لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێرانیش لەئارادایە.