سەردێڕ:

ئەمریکا.. بە دەستڕێژى گولـلە پێنج کەس کوژران

فۆتۆ: 
2019-09-01

4271 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ئەسۆشەیتد پرێس، لە ناوچەی میدلاندی ڕۆژئاوای ویلایەتی تەکساسى ئەمریکا، بەهۆی دەستڕێژی گوللـەوە پێنج هاوڵاتی کوژران و ٢٠ى دیکەش برینداربوون.

وتەبێژی هێزەکانی پۆلیسی ناوچەکە ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی پیاوێک لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە ڕاگیرا بەهۆی دانەگیرساندنی هێمای لای چەپی ئۆتۆمبێلەکەی، دەستڕێژی گولـلەی لە ٢٠ کەس کردووە و هەڵهاتووە و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە تەقەکەرەکە کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، رووداوەکە لە وێستگەیەکی ترافیکی نێوان دوو ویلایەتدا بووە، کە لەنێوان هێزەکانی پۆلیس و ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییەدا روویداوە، ئەوەش دواى ئەوەى هێزەکانی پۆلیس گومانیان هەبوو کە ئۆتۆمبێلەکە دزرابێت کە ئۆتۆمبێلێکی ئاڵتونی گواستنەوەی پۆستە بووە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەی لەناوچەی نێوان ئۆدێسا و میدلاند دەستیکردووە بە تەقەى هەڕەمەکى.

هاوکات مارک جێرک بەڕێوەبەری کەرتی پۆلیسی ئۆدێسا ڕایگەیاند، تەنها یەک تەقەکەر هەبووە، کە گەنجێکی سپی پێست و لەتەمەنی ٣٠ ساڵیدابوو، بەڵام بە بێ ئەوەى ناوی کەسەکە بهێنێت و هیچ زانیارییەکى دیکەشى ئاشکرانەکردووە.

تكساس

(یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەى بەر دەستڕێژى گولـلەکە کەوتووە)

کاسرین سێزنجەر وتەبێژی بەشی پاراستنی سەلامەتی گشتی تەکساسیش باسی لەوەکردووە، رووداوەکە دوا بەدوای ئەوەدێت هێزەکانی پۆلیس ویستیان ئۆتۆمبێلێکی ڕەنگ ئاڵتونی لەسەر شەقامەکە ڕابگرن و دوای ئەوەی ٢٠ جار ئاگاداریانکردەوە کە بچێتە لای چەپی شەقامەکە و ئۆتۆمبێلەکەی بوەستێنێت، بەڵام شۆفێرەکە گوێی پێ نەداون و لەیەکێک لە جامەکانی ئۆتۆمبێلەکەوە چەکەکەی دەرهێنا و دەستڕێژی گولـلەى لەو ئۆتۆمبێلە دەورییەی پۆلیس کرد کە ویستویەتی ڕایبگرێت و سێ پۆلیسیشی بریندارکرد.

ئاماژەى بەوەشکردووە، جگە لەو سێ پۆلیسە لانیکەم ٢٠ هاوڵاتی برینداربوون شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش لەلایەن هێزەکانیانەوە کوژرا.

ئەو ڕووداوە دوابەداوی ڕوداوێکی تەقەکردنی بەکۆمەڵ دێت بەر لە دوو هەفتە، کاتێک تەقەکەرێک لە سنوری تەکساس و لەشاری ئەلپاسۆ بە دەستڕێژی گولـلە چەند هاوڵاتییەکى کوشت و بریندارکرد.