سەردێڕ:

رۆحانى: ھەڵگرتنی گەمارۆکان لەلایەن ئەمریکاوە زەمینەی دانوستان دەڕەخسێنێت

فۆتۆ: 
2019-09-01

1626 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمارى ئێران رایگەیاند، ھەڵگرتنی سەرجەم گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە، زەمینەی دانوستانەکانی داھاتوو دەڕەخسێنێت.

سەرۆکایەتى کۆمارى ئێران راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، روحانی و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆمارى فەڕەنسا لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، تاوتوێی پرسی پەیوەندییە دووقۆڵی و ناوچەیی و جیھانیان کردووە.

بەپێی راگەیەنراوەکە حەسەن رۆحانى لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رایگەیاندووە، ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاوەتەوە بۆئەوەی ئێران رووبەڕووی کێشەی گەورە بێت لەگەڵ وڵاتانی دیکە، ھەڵگرتنی گەمارۆکانیش زەمینەی دانوستان دەڕەخسێنێت.

هاوکات ئەوەشی بە ماکرۆن وتووە، لە دوای کشانەوەی ئەمریکا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش ھەنگاوی بەرجەستەیان نەناوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھەڵوێستی سەرەکی ئێران بریتییە لە پاراستنی رێککەوتنەکە و بۆ ئەوەش ھەوڵی خۆی نیشانداوە، ئەگەر یەکێتی ئەوروپا بەڵێنەکانی نەباتەسەر ئەوا ئێران ھەنگاوی سێیەم دەنێت بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەڵێنەکانی خۆی لە رێککەوتنی ناوەکی، دوا ھەنگاوی ئێرانیش ھەروەکو ئەوانەی پێشوو پاشگەزبوونەوەی نیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە دواى دەستپێکردنى قۆناغەکانى کەمکردنەوەى پابەندییەکانى ئێران بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەى لەگەڵ ئەمریکا، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە نێوان پەیوەندییەکانى ئەو دوو وڵاتە نەهاتووەتە ئاراوە، سەرەڕاى ئەوەى فەڕەنساش هەوڵی نێوەندگیرى نێوان ئەو دوو وڵاتەى دا.