سەردێڕ:

وردەکاریی دەستبەسەرداگرتنى ئەو خواردنانەى بەشێوەى قاچاخ دەهێنرێنە هەرێم

بەشێکیان لە بازاڕەکانى هەرێمدا ساغکراونەتەوە
فۆتۆ: 
2019-08-31

3665 جار خوێندراوەتەوە

دەروازە سنوورییەکان، ئەگەرچى سەرچاوەیەکە بۆ داهاتى هەرێمى کوردستان، بەڵام لەلایەکى دیکەوە دەرگایەکیشە بۆ هاوردەکردنى مادەى هۆشبەر و قاچاغ.

بارێک جگەرى بەستووى مریشک، دوایین هەوڵى ئاشکراکراوى بازرگانانى هەرێمە بۆ هاوردەکردنى بە قاچاخ لە ئێرانەوە بۆ هەرێم لە ڕێگەى دەروازەى پشتەوە.

بارەکە زیاتر لە ١٠ تەن جگەرى بەستووى مریشکە، لەژێر بارێک خشتى سووردا شاردراوەتەوە، هەوڵدراوە بە ناوى خشتەوە لە ڕێگەى دەروازەى پشتەوە لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجەوە بهێنرێتە هەرێمى کوردستانەوە.

هاوردەکردنى جگەرى بەستوو بە بڕیارى ڤێترنەرى و تەندروستى هەرێم قەدەغەیە و دەڵێن، بەهۆى بڵاوبوونەوەى ئەنفلۆنزاى باڵندەوە نابێت هاوردە بکرێت.

پۆلیسی گومرگى هەڵەبجە ئەو هەوڵەیان ئاشکرا کرد و دەستیان بەسەر بارەکەدا گرت، کەسێک بە تۆمەتى ئەو کارە دەستگیرکراوە، لە دادگاى خانەقین پەڕاوى لێکۆڵینەوەى بۆ کراوەتەوە.

بیلال جەبار بەڕێوەبەرى پۆلیسی گومرگى هەڵەبجە دەڵێت، پاش ئەوەى زانیارییان هەبووە لە وڵاتى ئێرانەوە هەندێک جگەرى بەستووى قەدەغەکراوى مریشک کە بە شێوەى شاراوە و قاچاخ دێتە هەرێم، توانییان دەستى بەسەردابگرن.

جگە لە جگەرى بەستووى مریشک، لە ماوەى چەند مانگى ڕابردوودا چەندین هەوڵى تر ئاشکرا کراوە کە بەشێک لە بارزگانانى هەرێم هەوڵیانداوە بە شێوەى قاچاغ یان ڕێگەى ترى نایاسایی خواردەمەنى و شمەکى جۆربەجۆر لە ئێرانەوە هاوردەى هەرێم بکەن، بەشێک لەو بارانە ڕێگرییان لێکراوە و نێردراونەتەوە، بەڵام بەشێکیشیان تێپەڕێنراون و لە بازاڕەکانى هەرێمدا ساغکراونەتەوە.

ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەسەر ئەو پرسە سکاڵایان گەیاندووەتە یەکە ئیدارییەکانى سلێمانى و هەڵەبجەو گەرمیان، بەڵام دەڵێن وەک پێویست ڕێکار دژى ئەو بازرگانانە نەگیراوەتە بەر.

بەپێی ئامارێکى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی گومرگى هەڵەبجە، لە ماوەى ٧ مانگى ڕابردوودا ٤٧ هەوڵى هاوردەکردنى بارى قاچاخیان لە ئێرانەوە بۆ هەرێم لە ڕێگەى دەروازە نێودەوڵەتى و لاوەکییەکانى سنوورى هەڵەبجەو گەرمیانەوە ئاشکرا کردووە و دەستیان بەسەر گرتوون، کە بەشێکى زۆریان خواردن بوون، داواشیان لە هاوڵاتیان کردووە کە بۆ ڕێگرى لە هاوردەکردنى بارى قاچاغ هاوکاریان بن.