سەردێڕ:

ئەردۆغان: سێ هەفتەى دیکە ناوچەى ئارام دروستدەکەین

فۆتۆ: 
2019-08-31

1980 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆمارى تورکیا هەڕەشەى دروستکردنى ناوچەى ئارامى لە سوریا کرد لە ماوەى سێ هەفتەدا و رایگەیاند، لە ماوەى سێ هەفتەدا لەگەڵە سەربازەکانیان دەستدەکەن بە دروستکردنى ناوچەى ئارام لەرۆژهەڵاتى فوڕات.

رەجەب تەییب ئەردۆغان ئەمڕۆ لە وتەیەکیدا ئاماژەى بەوەکردووە، لە چوارچێوەی ئەو مەرجانەی دیارییان کردوون، ئەگەر لە ماوەی دوو سێ ھەفتەی داھاتوودا لە رۆژھەڵاتی فوڕات بە شێوەیەکی کرداریی لەگەڵ سەربازەکانیان دەست نەکەن بە دروستکردنی ناوچەکە، ئەوا با بەرامبەرەکانیان بۆخۆیان بیر لە دواتر بکەنەوە.

باسی لەوەشکردووە، "ئیتر ھیچ کەسێک بە بیانووی داعش کەس ھەڵناخەڵەتێنێت کە بە ئاشکرا دەرکەوتووە لە لایەن چەند دەستێکی رەش وەک پڕۆژەیەک ھێنراوەتە گۆڕەپانەکە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کێشەی ناوچەکە داعش نییە، بەڵکو شەڕی دابەشکردنی بەرژەوەندییە لە لایەن چەند ھێزێک.

لەبارەى راگرتنى رادەستکردنى فڕۆکەى ئێف ٣٥ لەلایەن ئەمریکاوە ئەردۆغان رونیکردووەتەوە، ناتوانن دەستەوەستان بوەستن و چاوەڕێی ئەو شتانە بکەن کە بەسەریاندا دێن.

ئەو وتانەى سەرۆک کۆمارى تورکیا دواى ئەوە دێت کە لەگەڵ ئەمریکا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکى هاوبەش لەبارەى دروستکردنى ناوچەى ئارام لە سوریا و تائێستا چەند هەنگاوێکی هاوبەشیان بڕیوە و هەفتەى رابردووش هێزەکانی سوریای دیموکرات کە یەپەگە پێکهێنەرى سەرەکییەتى لە سنورەکانى تورکیا و رۆژئاواى کوردستان کشایەوە.