سەردێڕ:

عێراق سکاڵا لە دژی ئیسڕائیل تۆماردەکات

فۆتۆ: 
2019-08-31

2806 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق ئامادەکاری بۆ پـێشکەشکردنی سکاڵایەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، دوای ئەوەی گەیشتە ئەو ئەنجامەی ئیسرائیل لە پشت هێرشی سەر بنکەکانی حەشدی شەعبییەوە بووە.

ئەحمەد ئەسەدی بە ئاژانسى فرانس پرێسى ڕاگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکانی حکومەتى عێراق بە بەڵگەوە نیشانی دەدەن کە ئیسرائیل بەرپـرسیارە لە هێرشەکانى سەر بارەگاکانى حەشدى شەعبى.

وتیشى، هێشتا نازانرێت ئەمەریکا دەستی لەو هێرشانەدا هەبووە یان نا.

لەماوەى مانگى ڕابردوودا تەقینەوە لە پێنج بنکەى حەشدى شەعبى ڕویانداوە و حەشدى شەعبیش تەقاندنەوەى بنکەکانیانی خستووەتە ئەستۆى ئیسڕائیل و سەبارەت بەو رووداوانەش حکومەتی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە.

بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل پیشتر بەرپرسیارێتى وڵاتەکەى لە هێرشەکانى سەر حەشدى شەعبى رەتنەکردبووەوە و جەختى کردبووەوە ئێران لەهیچ شوێنێک پارێزراو نییە هێرش دەکەنە سەرى.