سەردێڕ:

ساڵنامەی کۆچیی و چەند راستییەک سەبارەت بە بەکارهێنانی دوو سەدە بەر لە ئیسلام

فۆتۆ: 
2019-08-31

7214 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی ٣٠ی ئاب لە بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی سەری ساڵی نوێی کۆچیی بوو (ساڵی ١٤٤١) کە هاوکاتە لەگەڵ کۆچیی پێغەمبەری ئیسلام لە شاری مەککەوە بۆ شاری مەدینە، ماڵپەڕی بی بی سی لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە ساڵنامەی کۆچیی چەند راستییە دەخاتەڕوو.

دیاریکردنی ساڵ بەهۆی بینینی مانگ

دیاریکردنی رۆژ و مانگ و سەری ساڵی کۆچیی بە گوێرەی خولگەی مانگ بەدەوری زەویدا (سوڕانەوەی مانگ بەدەوری زەویدا) دیاریدەکرێت، بەکۆتایی هاتنی خولگەکەش مانگەکانی کۆچیی کۆتاییان دێت، ئەوەش بە پێچەوانەی ساڵی زاینییەوەیە کە پشت بە خولگەی زەوی (سوڕانەوەی زەوی) بەدەوری رۆژدا دەبەستێت.

پێوانەی سەرەتا و کۆتایی هەموو مانگێک لە ساڵنامەی کۆچییدا پشت بە بینینی مانگ دەبەستێت، لەبەر ئەوە ژمارەی رۆژەکانی مانگی کۆچیی دیاریکراو نین، پێچەوانەی ساڵنامەی زاینییش ژمارە رۆژەکان لە ساڵنامەی کۆچییدا لە نێوان ٢٩ و ٣٠ رۆژیدایە.

بەوهۆکارەش ساڵنامەی کۆچیی هەموو ساڵێک ١١ رۆژ دێتە پێش، بەراورد بە ساڵنامەی زاینیی، ئەوەش وای کردووە ساڵانە جەژن و بۆنە ئیسلامییەکان لە رۆژ و کاتی جیاوازدا بەڕێوەبچن.

هەروەها بینینی کۆتایی هەموو مانگێک لە ساڵنامەی کۆچییدا بەگوێرەی شوێنی جوگرافی دیاریدەکرێت، ئەوەش بە واتای ئەوە دێت لە شوێنێک سەرەتای مانگێکی نوێیە، بەڵام لە شوێنێکی دیکە مانگ نەبینراوە و سەرەتایی مانگی نوێ نیە.

ساڵنامەی کۆچیی وەکو ساڵنامەیەکی جیهانی

ساڵی ٢٠٠١ لیژنەی زانایانی فەلەکی سەر بە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی لە کۆنگرەی ساڵانەی خۆیاندا لە ئوردن پێشنیازێکیان گەڵاڵە کرد، کە بریتی بوو لە یەکخستنی رۆژ و مانگەکانی ساڵنامەی کۆچیی لە هەموو وڵاتانی ئیسلامیدا، ئەویش بە دابەشکردنی زەوی بەسەر دووبەشدا و چاودێریکردنی بینینی مانگ لە رۆژی ٢٩ی کۆتایی هەموو مانگێکی کۆچییدا، کاتێکیش مانگ لە یەکێک لە دوو بەشەکەی زەوی بینرا لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی وەکو سەرەتای مانگی نوێ پێوەی پابەندببن.

عەرەب ساڵنامەی تایبەتی خۆیان دوو سەدە بەر ئیسلام هەبووە

بەشێک لە سەرکردەکانی عەرەب ساڵی ٤١٢ی زاینیی (١٩٨ ساڵ بەر لە لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام)  لەسەر دانانی ساڵنامەیەک کە بنەماکانی بەهۆی بینینی مانگەوە دیاری بکرێت رێککەوتن، بەڵام هۆزەکانی عەرەب پێیانوابوو دیاریکردنی مانگەکان ناکۆکی و سەرلێشێوان سەبارەت بە کاتی حەج و کاتی بازرگانی دروستدەکات.

لەو کۆبوونەوەیەدا سەرکردەکانی عەرەب سەبارەت بە ژمارەی مانگەکان و ناوەکان رێککەوتن و مانگەکانی تایبەت بە حەج و بازرگانی و جەنگیشیان دیاریکرد، هەروەها مانگەکانی راگرتنی شەڕیشیان دیاریکرد، کە دوای ئیسلامیش ئەم مانگانە بەردەوام بوون، کە بریتی بوون لە (ذي القعدة، وذي الحجة، المحرم و رجب).

دوای ١٧ ساڵ لە کۆچ کارکردن بە ساڵنامەکە دەستیپێکرد

لەگەڵ ئەوەشدا کە سەری ساڵی کۆچیی لەگەڵ کۆچی پێغەمبەری ئیسلام لە شاری مەککەوە بۆ شاری مەدینە دەستپێدەکات، بەڵام دوای ١٧ ساڵ لەو رووداوە بە فەرمی لەلایەن عومەری کوری خەتاب خەلیفەی دووەمی ئیسلامەوە کارکردن بەو ساڵنامەیە راگەیەندراوە کە پێشتر ناوی ساڵنامەی عەرەبی بووە و دواتر گۆڕا بۆ کۆچیی وەکو ئاماژەیەک بۆ کۆچیی پێغەمبەر، بەڵام ناوی مانگەکان هەمان ئەو ناوانەیە کە لەکۆبوونەوەی ساڵی ٤١٢ی زاینییدا دیاریکراون.

هـ.ع