سەردێڕ:

پارێزگاری پێشووی تاران دووبارە دەستگیرکرایەوە

فۆتۆ: 
2019-08-31

2597 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد عەلی نەجەفی، پارێزگاری پێشووی تارانی پایتەختی ئێران، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاوسەرەکەی، دوای دوو ڕۆژ لە ئازادکرانی بە کەفالەت دەستگیرکرایەوە.

محەمەد جەواد حیشمەتی، سەرۆکی گشتی دادگای پارێزگای تاران، ڕۆژی هەینی ٣٠ ئاب، هەواڵی گەڕانەوەی نەجەفی بۆ زیندان بڵاوکردەوە و هۆکارەکەشی بۆ" حەقی گشتی تاوانی کوشتن" و "هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت" گەڕاندەوە.

ڕۆژنامەی هەمشەهری هەواڵێکی چاوپێکەوتنی یەکێک لە کەسە نزیکەکانی نەجەفی بڵاوکردەوە کە، ڕۆژی هەینی لەگەڵ نەجەفی سەردانی دادگایان کردوە بەڵام ڕێگرییان لێکراوە لە چوونە ژوورەوە دواتر دووبارە  فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

محەمەد عەلی نەجەفی ڕۆژی چوارشەمە فەرمانی ئازادکردنی دەرچوو بە کەفالەت کە بڕەکەی یەک ملیۆن تومان بوو، حمید ڕەزا گودەزری، پارێزەرەکەی نەجەفی، هۆکاری ئازادکردنەکەی گەڕاندەوە بۆ لابردنی حوکمی لە سێدارەدان بەهۆی ڕازیبوونی خانەوادەی کوژراوەکەوە .

کوشتنی بەمەبەست، هەوڵدان بۆ شێواندن و فڕێدانی تەرمی کوژراوەکە و هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، سێ تۆمەتی کەسی تاوانباربوو کە لە دادگا یەکەم و سێیەم تۆمەتی بەسەردا ساغکرایەوە.

بەپێی یاسای سزای ئیسلامی، لەهەر حاڵەتێکدا بۆ کوشتنی بە مەبەست، ئەگەر سکاڵاکەر پەشیمان بێتەوە و لە تاوانبار خۆشبێت یاخود نەیانەوێت کەسی تاوانبار بە سزای لەسێدارەدانی بگات ئەوا کەسی تاوانبار سزای زیندانی کردن دەیگرێتەوە.

لە مادەی ١٧ی یاسای سزادانی ئیسلامی هاتووە کە، هەرکەس کوشتنی بە مەبەست ئەنجام بدات و سکاڵاکەری نەبێت یاخود سکاڵاکەری هەبێت و نەیانەوێت تاوانبار لەسێدارە بدرێت یان بە هەر هۆکارێک سزای کوشتنی بەسەردا نەسەپێنرێت و لەگەڵ ئەوەشدا بوونی ئەو کەسە ببێتە هۆی ئاژاوەنانەوە و مەترسی بێت بۆسەر ئاسایشی گشتی، ئەوا دادگا بە سزای زیندانی سێ ساڵ تاکو ١٠ ساڵ سزای دەدات.

نەجەفی تۆمەتبارە بە کوشتنی ژنی دووەمی میترا ئوستاد و پێشتریش لەلایەن دادگاوە حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام خانەوادەی هاوسەرەکەی پێشووی لە ناوبراو خۆشبوون و بەوەش سزای زیندانیکردن دەیگرێتەوە، ناوبراو دوای تێپەڕبوونی سێ مانگی بەسەر کوشتنی میترا بە کەفالەت ئازادکرا کە ئەوەش لە ناوخۆدا کاردانەوەی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە ڕەخنەیان لە دادگای ئێران گرت.