سەردێڕ:

دیمەشق ئاگربەستی لە ئیدلب راگەیاند

فۆتۆ: 
2019-08-31

1428 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی دیمەشق ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر ڕاگەیاندنی بڕیاری ئاگربەست لە پارێزگای ئیدلب و ئەو ناوچانەی دیکە بە ناوچەی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان ناودەبرێن.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکومەتی سوریا (سانا) لەسەرچاوەیەکی نزیک لە سوپای سوریاوە ئاشکرایکرد، بڕیاری ئاگربەستەکە لەمڕۆەوە تاکلایەنە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن ئاگربەستەکە پێشێل بکەن، ئەوا مافی وەڵامدانەوەیان دەبێت.

لای خۆشیەوە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە پێویستی زانی هێرشەکانی سەر پارێزگای ئیدلب و دەوروبەری بە زووترین کات ڕابگیرێن تا کارەساتی مرۆیی لێنەکەوێتەوە، جەختیشیکردەوە کە دەبێت قەیرانەکانی سوریا بە ڕێگەچارەی سیاسی چارەسەربکرێن.

ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند مانگێکە حکومەتی سوریا هێرشی بۆ سەر ئیدلب دەستپێکردووە و بەشێکی شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایەی کۆنتڕۆڵکردووەتەوە، لە ئێستاشدا هێزێکی گەورەی گاردی کۆماری و چەکدارانی حزبوڵای لوبنان و پاسدارانی ئێران لەنزیک هێڵی ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلب جێگیرکراون.