سەردێڕ:

نوێترین هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە گفتوگۆی راستەوخۆی ئەمریکا و ئێران

فۆتۆ: 
2019-08-30

4745 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، پێشوازی لەو لێدوانەی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکەن، کە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حەسەن رۆحانی لە کاتێکی گونجاودا.

فێدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پایتەختی فینلەندا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا پرسی رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکیان تاوتوێ کردووە.

فێدریکا مۆگرینی باسی لەوەشکرد، لەگەڵ ئەو سێ وەزیرە هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیدان و پاراستنی رێککەوتنی ئەتۆمی.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئەوەشی خستەڕوو، کە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئێران، روسیا و چینیش لە بارەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامن.

رۆژی ٢٦ی ئاب دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، پێدەچێت لە چەند هەفتەى داهاتوودا لەگەڵ حەسەن ڕوحانى کۆبێتەوە و بگەنە رێککەوتن.

ترەمپ جەختی لەو مەرجەش کردووەتەوە کە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دیاریکردووە، و ڕایگەیاند، دەبێت ئێران پشتیوانیکردنی بۆ "تیرۆر" ڕابگرێت و بە بڕوای ئەویش ئێران دەرفەتی ئەوەی هەیە کە سیاسەتەکانی بگۆڕێت، هەروەها وتیشی "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت زۆر سادەیە، دەستبەرداربوونی ئێرانە لە چەکی ناوەکی".

لە وەڵامی لێدوانەکەی ترەمپدا سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەکرد، "دەبێت ئەمریکیەکان لەو رێگە هەڵەیەی بەرامبەر بە ئێران گرتوویانەتەبەر تۆبە بکەن و شۆڕشی ئیسلامی و دەسەڵاتی ئێران بە فەرمی بناسن، بە پێچەوانەوە تا سزاکان هەڵنەگرن و دەستبەرداری هەڵەکانیان نەبن، هیچ وەرچەرخانێکی ئەرێنی نایاتە ئاراوە و هەڵوێستمان بەرامبەر ئەمریکا ناگۆڕێت".