سەردێڕ:

حەوت پیشەی نامۆ لە ناو کۆشکی سپیدا

فۆتۆ: 
2019-08-30

14248 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی Business Insiderی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا پەردە لەسەر ژمارەیەک پیشەی نامۆ لەناو کۆشکی سپیدا لادەدات کە پێشتر نەزانراون، لەگەڵ موچەی ساڵانەی هەر یەک لەو کەسانەی ئەو کارانە رادەپەڕێنن، حەوت پیشەی نامۆ لەناو کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمریکادا هەیە و خاوەنی ئەو پیشانەش داهاتێکی بەرزیان هەیە کە دەگاتە ساڵانەی ١١٥ هەزار دۆلار.

بەگوێرەی راپۆرتەکە ئەو پێشانە لەناو کۆشکی سپیدا لە میدیادا بەرچاو نین، کە نزیکەی ٤٠٠ کەس لە ناو کۆشکی سپیدا لە چەندین پۆستی جیاوازدا کار دەکەن، بەڵام ئەمانە نامۆترین پیشەکانی کۆشکی سپین.

پیاوی تارمایی

ئەرکی پیاوی تارمایی هاوکاریکردنی سەرۆکی ئەمریکایە لە هەموو کارەکانیدا، لەسەرەتای هەموو رۆژێکدا بەرنامەی کاری ئەو رۆژەی بۆ رێکدەخات و بەیانیان یەکەم کەسە کە پێشوازی لە سەرۆک دەکات و لەگەڵی دەبێت لەکاتی سەیرکردنی رۆژنامە و تەلەفیزیۆنەکان و تەنانەت پێدانی پێنوسیش بە سەرۆک ئەرکی ئەم کەسەیە، بە درێژایی شەو  و رۆژ تا ئەو کاتەی دەچێتە ژووری خەوتنەکەی هاودەمی سەرۆک دەبێت.

پیاوی تارمایی ساڵانە ١١٥ هەزار دۆلار موچەکەیەتی و جۆن ماکنتی ساڵی ٢٠١٧ یەکەم کەس بوو ئەو ئەرکەی بۆ دۆناڵد ترەمپ وەرگرت.

خۆشنوس

خۆشنوسی یەکێکی دیکەیە لە پیشەکانی ناو کۆشکی سپی و ئەرکی نوسینی نامە و بانگهێشتنامەی تایبەتە، خۆشنوسەکان نامەکان بە شێوازی بروانامە و بەڵگەنامە و لیستی ناوەکان و نامەی تایبەتی کەسی دەنوسن، بۆ هەریەک لەو شێوازانەش ستایلێکی تایبەتی نوسین بەکاردێنن، موچەی ئەو کەسانەش ساڵانە ٩٩ هەزار و ٤٠٠ دۆلارە.

لێکۆڵەری تۆمارەکان

لێکۆڵەری تۆمارەکان پیشەیەکی سەرەکی ناو کۆشکی سپیە و هەڵدەستن بە لێکۆڵینەوەی کارگێری تۆمارەکانی ناو ئیدارەی ئەمریکا، ئەو کەسانە لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو دۆکیۆمێنتانە دەکەن کە لە رێگای کۆشکی سپییە دێن و ژمارە دەدەن بە دۆکیۆمێنتەکان، موچەی ئەو کەسانەش ساڵانە ٦٦ هەزار و ٩٠٠ دۆلارە.

شێفی تایبەت بە شیرینی

هەرچەندە کۆشکی سپی شێفی تایبەت بە خواردنی هەیە و سوزان موریسۆن بەڕێوەی دەبات، بەڵام کۆشکی سپی شێفێکی تایبەت بە دروستکردنی شیرینیشی هەیە کە ئەرکی ئامادەکردنی شیرینی بەناوبانگ و جیاوازە وەکو دروستکردنی کێک و شیرینی جۆراوجۆر لە پێکهاتە هەویرییەکان، موچەی ئەو کەسەش ساڵانە ٥٢ هەزار و ١٦٠ دۆلارە.

هاوکاری سەربازی ئەو کەسانەی سەردانی کۆشکی سپی دەکەن

هاوکاری سەربازی ئەو کەسانەی سەردانی کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکەن لە بنەڕەتدا کارێکی خۆبەخشییە و ئەرکیان پێشوازی کردنە لە میوانەکانی کۆشکی سپی و دڵخۆشکردنیانە ئەویش لە رێگای ئاهەنگ و سەماکردنەوە، ئەوانەی ئەو کارە دەکەن زۆربەی کات ئەفسەرانی سوپای ئەمریکا لە کاتی ئامادەبوونیان لە ئاهەنگەکانی کۆشکی سپیدا بەو کارە هەڵدەستن، بە گوێرەی ماڵپەڕەکە ئەو کەسانەی هیچ جۆرە موچەیەک وەرناگرن بەرامبەر ئەو کارە.

فەرمانبەری وێنەگرتن

ئەرکی ئەو کەسە بریتیە لە چاودێریکردن و  تۆمارکردنی هەموو لێدوانەکانی سەرۆک، بەتایبەت ئەو لێدوانانەی لە بەرامبەر میدیاکاران و جەماوەردا دەیکات و دواتر ئەرشیفکردنی لە ئەرشیفی سەرۆکایەتیدا، ئەوەش بە ئامانجی دڵنیابوونەوەیە لەروونەدانی لێکتێنەگەشتن یان بوونی تەشویش لەسەر وتەکانی سەرۆک، موچەی ئەو کەسەش ساڵانە ٩٥ هەزار ٥٠٠ دۆلارە.

تیمی پۆستە و گەیاندنی سەرۆکایەتی

بە گوێرەی ماڵپەرەکە کۆشکی سپی رۆژانە هەزاران نامە و ئیمەیڵی بەدەستدەگات، ئەو نامانەش پێویستیان بە چاودێری و وەڵامدانەوە هەیە، ئەو تیمەش رۆژانە وەڵامی ٢٠٠ بۆ ٤٠٠ نامە دەدەنەوە کە لەلایەن خەڵکییەوە ئاڕاستەی کۆشکی سپی دەکرێت.

بەشێکی دیکە لە کاری ئەو تیمە ئامادەکردنی ئەو نامە و ئیمەیڵانەیە کە سەرۆکی ئەمریکا دەینرێت، کە رۆژانە دەگاتە تەنها ١٠ نامە.

تیمی پۆستە و گەیاندنی سەرۆکایەتی موچەی ساڵانەیان دەگاتە ٧٢ هەزار و ٧٠٠ دۆلار.

هـ.ع