سەردێڕ:

ئارامترین شاری جیهان کوێیە؟

فۆتۆ: 
2019-08-30

12820 جار خوێندراوەتەوە

توێژەرانی بەریتانیا ریزبەندی ئارامترین شارەکانی جیهانيان بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکردەوە و شاری تۆکیۆش بە ئارامترین شار دیاریکراوە.

یەکەی هەواڵگری ئابووری (EIU) کە کۆمپانیایەکی بەریتانییە و کاری لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکردنە لە بوارە جیاجیاکاندا ڕایگەیاند، ئەمساڵ ٦٠ شار وەک ئارامترین شارەکانی جیهان دیاریکراون، ئەمانەش بەپێی توانا و تایبەتمەندی شارەکان لە ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانەکان و چارەسەرکردنیان و ڕزگاربوون لێیان، ژێرخانی ئابووری، ئاسایشی شار و خزمەتگوزاری تەندروستی، تەنانەت توانای شارەکان لەڕووبەڕووبونەوەی کارەساتی سروشتی و هێرشی ئەلیکترۆنی ڕەچاوکراون.

توێژەرەکان ئەوەیان خستەڕوو، ئارامترین شارەکان ئاستێکی زۆر بەرزییان تۆمارکردوە لە گەیشتن بە چاودێری تەندروستی کوالێتی زۆر بەرز، هەبوونی تیمی بەهێزى تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ڕووبەڕووبونەوەی هێرشی ئەلیکترۆنییەکان، گەڕان و سوڕانەوەی هێزەکانی پۆلیس بۆ پاراستنی کۆمەڵگا و پلانی باش بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کارەساتەکان.

لەم ڕیزبەندییەدا چوار جۆر ئارامی و ئاسایش ڕیزبەندکراوە، ژمارەیی، ژێرخان، تەندروستی و ئاسایشی تایبەت بە تاک.

لە ڕیزبەندییەکەدا تۆکیۆ ى پایتەختى ژاپۆن بە پلەی یەکەم دێت و سەنگافورە لە پلەی دووەمدایە، هەروەها لە پلەی سێیەمدا شاری ئۆساکای وڵاتی ژاپۆن هاتووە جارێکی تر، کەواتە سێ ڕیزبەندی یەکەمی ئارامترین شارەکانی جیهان وەکو خۆی هاتووە لەساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ دا.

بەپێى ڕیزبەندیەکە، ناوچەکانی ئاسیا و زەریای هێمن لە ١٠ ڕیزبەندی یەکەمدا هاتوون، شاری سیدنی وڵاتی ئوسترالیا لە ڕیزبەندی پێنجەمدا هاتووە و سیئۆلی کۆریای باشور هەشتەم و میلبۆرنی ئوسترالیا پلەی دەیەمی گرتووە.

هەر لە ١٠  ڕیزبەندی یەکەمدا، دوو شاری ئەوروپا و دوو شاری ئەمریکایی باکور هاتوون و ئەوانیش شاری ئەمستردام پایتەختی هۆڵەندا لە پلەی چوارەمدا هاتووە لەکاتێکدا کۆپنهاگنی وڵاتی دانیمارک لە پلەی هەشتەم دایە لەگەڵ سیئۆل، تۆرینتۆی کەنەدا شەشەم و واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکاش پلەی حەوتەمی ڕیزبەندییەکەی گرتووە.