سەردێڕ:

"لەسەردەمی ترەمپدا عێراق بووەتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان لەگەڵ ئێران"

فۆتۆ: 
2019-08-29

1069 جار خوێندراوەتەوە

توێژەرێکی پەیمانگای راندی ئەمریکی ئاماژە بەوەدەکات، دۆناڵد ترەمپ لە کاتی دەستبەکاربوونیەوە لە ساڵی ٢٠١٦دا سیاسەتێکی پێچەوانەی سیاسەتی واشنتۆن لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تاوەکو ٢٠١٥ پەیڕەوکردووە، بەجۆرێک عێراقی کردووەتەوە گۆڕەپانی ململانێکانی لەگەڵ ئێران.

لیندا رۆبنسون توێژەری پەیمانگای راندی ئەمریکی ئاماژە بەوەشدەکات، جەنگی عێراق لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بە بۆچوونی بەشێک لە شارەزایانی دۆخی عێراق لە ئەمریکا بە ئامانجی لەناوبردنی چەکە کۆمەڵکوژییەکانی رژێمەکەی سەدام پێویست بووە.

باس لەوەش دەکات، تاکو ساڵی ٢٠١١ حکومەتی ئەمریکا ٧٣١ ملیار دۆلاری لە جەنگی عێراقدا خەرجکردووە، ئەوە جگە لە کوژرانی نزیکەی ١١٠ هەزار هاوڵاتی عێراق و کوژرانی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکیش، ئەوە جگە لەو زیانەی بەر ناوبانگی ئەمریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کەوت، کاتێکیش ساڵی ٢٠١١ ئەمریکا لە عێراق کشایەوە گروپێکی مەترسیدار لە رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سوریا سەریهەڵدا و رووبەری وڵاتێکی وەکو ئایسلەندای داگیرکرد.

ئەو توێژەرە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا عێراق وڵاتێکی جیاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە ئەمریکییەکان لە گرنگی سەبارەت بەوەی لە عێراقدا بە دەستهاتووە نازانن بە تایبەت بەشداریکردنی ئەمریکا بە ٧ هەزار سەرباز لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش و تێكشکاندنی ئەو رێکخراوە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا.

لیندا باس لەوەشدەکات، ئێستا واشنتۆن دەرفەتێکی باشی لەبەردەستدایە کە ئەو دەسکەوتانەی لە عێراقدا بەدەستی هێناوە بگۆرێت بۆ دەستکەوتی جیۆسیاسی دوور مەودا، بەڵام بەشێک لە لێپرسراوانی ئەمریکا وای دەبینن دوای تێکشکاندنی داعش عێراق وڵاتێکی باوەڕپێکاوی ئەمریکا نیە، بەشێک لە کاربەدەستانی ئەمریکاش ئامادەن زیان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا بگەیەنن تەنها بۆ زیاتر فشارخستنە سەر ئێران.

توێژەر هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق بە نمونەی بەرەوپێشچوونی دۆخی سیاسی دادەنێت و دەڵێت، هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوو جۆرێک لە دیموکراسی لە عێراق هێناوەتە کایەوە کە لایەنگری بۆ تائیفیەت و شوناس نەکراوەتە پێوەری دەنگدانی خەڵکی، ئەوەش یەکەم هەڵبژاردنی لەو جۆرەیە کە پارتەکان لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی خەڵکی عێراق هاوپەیمانییەتیان بۆ هەڵبژاردن دروستکردووە و ململانێیان کردووە.

هـ.ع