سەردێڕ:

سەرکردەیەکى رەوتى سەدر: هەوڵ هەیە بۆ لەکارخستنى پێنج وەزیرى حکومەتى عێراق

فۆتۆ: 
2019-08-29

1871 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانى چاکسازیی و بنیاتنان لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنەوەى وەرزى نوێی یاسادانانى پەرلەمان، ئەگەر هەیە گۆڕانکاریی وەزاریی لە حکومەتى عادل عەبدولمەهدیدا بکرێت، سەرکردەیەکى رەوتى سەدریش دەڵێت هەوڵ هەیە بۆ لەکارخستنى پێنج وەزیر.

سەرچاوەکە بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، فراکسیۆنى سائیرون کە سەرۆکایەتى هاوپەیمانێتییەکە دەکات ئامادەکارییەکانى دەستپێکردووە بۆ گۆڕانکاریی وەزاری و لە کارخستنى چەند وەزیرێک.

لاى خۆیەوە، حاکم زاملى سەرکردە لە رەوتى سەدر رایگەیاند، گۆڕانکارییە وەزارییەکە لەگەڵ دەستپێکردنى وەرزى نوێی یاسادانانى پەرلەمان دەبێت و هەوڵدەدرێت پێنج وەزیر لەکاربخرێن.

وتیشى تا ئێستا رۆڵى حکومەت لاوازە و هیچ شتێکى روون پێشکەشى هاوڵاتیان نەکراوە، وەزیرەکانیش بەشێوەى پێویست کاریان نەکردووە، بەشێکشیکیان تۆمەتى گەندەڵیان لەسەرە.

پێشتریش پەرلەمانتارێکى رەوتى حیکمە رایگەیاندبوو، بەم نزیکانە پێنج وەزیر بانگهێشتى پەرلەمان دەکرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەبێ ئەوەى ناوى وەزیرەکان ئاشکرابکات.