سەردێڕ:

بەرگرى ئەمریکا: مانەوەی هێزەکانمان لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە

فۆتۆ: 
2019-08-29

624 جار خوێندراوەتەوە

مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق و لەپێناو شەڕی دژ بە داعشدایە.

ئێسپەر دوێنێ لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێمە لە عێراقین لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق، هەروەها سەرنجمان لەسەر پاڵپشتیکردنی هێزەکانی عێراقە لە شەڕی دژ بە داعشدا.

ئێسپەر لە کۆنفرانسەکەدا هیچ ئاماژەیەکی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر حەشدی شەعبی نەدابوو، کە ئیسرائیلی پێ تۆمەتباردەکرێت.

ئەم وتانەی وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە مشتومڕ لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دروستبووە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٠ و ٢٥ی ئەم مانگە چەند هێرشێکی ئاسمانی کرایە سەر بارەگا و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی هێزەکانیان لە عێراق، کە بەهۆیەوە زیانی گیانی و ماددی هەبووە.

حەشدى شەعبى ئیسرائیلی بە تۆمەتباری سەرەکی هێرشەکان ناوبرد هەروەها ئەمریکاى تۆمەتبارکرد بەوەى لە پشت ئەو هێرشانەوەیە کە بەم دواییانە کرانە سەر بارەگا و کۆگاکانى چەکى حەشدى شەعبى لە ناوچە جیاجاکانى عێراق.

لەوبارەیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئێوارەی ڕۆژی دووشەمە ئەوەی ڕاگەیاندبوو، ئەمریکا هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر بارەگا و کۆگای چەک و تەقەمەنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق، و تەواوی تۆمەتەکان لەم بارەیەوە نادروستن.

ئاماژەشی بەوەکرد، پشتگیریی لە سەروەری خاکی عێراق دەکەن و بە بەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دژی توندوتیژی لایەنێکی دەرەکین لە عێراق.