سەردێڕ:

عێراق ناچارکرا بەپێدانى ٨٨ ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیایەکى ئەمریکا

سەرۆکى کۆمپانیاکە لە عێراق کوژراوە
فۆتۆ: 
2019-08-28

6039 جار خوێندراوەتەوە

دادگای فیدراڵى ئەمریکا ڕایگەیاند، لەبەرانبەر شایستە داراییەکانیدا دەبێت عێراق ٨٨ ملیۆن دۆلار بداتە کۆمپانیایەکى سەربازى ئەمریکا.

دادوەرێکى دادگای فیدراڵى ئەمریکا ئاماژەى بە بریارەکەى دادگا کردووە کە ماوەى نۆ ساڵە ئەو کێشەیە لە نێوان کۆمپانیاى (واى ئۆکى) سەربازى ئەمریکى و حکومەتى عێراقدا بەردەوام بووە.

ئاماژەى بەوەشکردووە، کۆمپانیاکە توانى لە دادگا براوە بێت و بەوەش عێراق پابەند دەکرێت بە پێدانەوەى بڕى ٨٨ ملیۆن دۆلار بە کۆمپانیاى ناوبراو.

هاوکات کۆمپانیاى (واى ئۆکى) ڕایگەیاند، پێش ١٥ ساڵ و لە مانگى ١٢ى سالى ٢٠٠٤دا دایال ستۆفیل سەرۆکى کۆمپانیاکەیان لە رووداوێکى گوماناویدا لە عێراق کوژراوە.

دەشلێت، سەرۆکى کۆمپانیاکەیان پێش ئەوەى بکوژرێت سکاڵاى تۆمارکردبوو بەوەى کۆمپانیاکەى لە ٢٠ ملیۆن دۆلار زیاترى وەرنەگرتووە وەک شایستەى دارایى لەبەرانبەر چاکردنەوەى زرێپۆشەکانى سوپاى عێراق.

هەر ئەوکاتیش گروپێکى چەکدار بەرپرسیارێتى خۆى لە کوشتنى سەرۆکى کۆمپانیاکە ڕاگەیاند.

لە ساڵى ٢٠٠٣ دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس کۆمپانیاى (واى ئۆکى) ئەمریکى کە بارەگاى سەرەکى لە بەنسلڤانیایە، گرێبەستى لەگەڵ حکومەتى عێراق کرد بۆ نۆژەنکردنەوە و چاکردنى زرێپۆشەکانى سوپاى عێراق.