سەردێڕ:

عێراق ٤٢ هەزار کتێبى دزراوى سەردەمى داگیرکردنى کوێتى گەڕاندەوە

فۆتۆ: 
2019-08-28

1069 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٤٢ هەزار کتێبى دزراوى سەردەمى داگیرکردنى کوێتیان گەڕاندەوە ئەو وڵاتە.

حازم یوسفى بریکارى وەزارەتى دەرەوەى عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ى ئابى ٢٠١٩ لە کۆنفراسێکى ڕۆژنامەنوسیدا بە ئامادەبوونى عەبدولعەزیز جارەڵا جێگرى وەزیرى دەرەوەى کوێت ڕایگەیاند، لە مەراسیمێکدا ٨٠٠ سندوق کە زیاتر لە ٤٢ هەزار کتێبى لەخۆگرتبوو ڕادەستى لایەنى کوێتى کراوەتەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، کتێبەکان موڵکى کتێبخانەى نیشتمانى کوێت و زانکۆى کوێت بوون و لەساڵى ١٩٩٠ لەکاتى داگیرکردنى کوێت لەلایەن عێراقەوە دزرابوون.

ووتیشى، عێراق کاردەکات بۆ ئەوەى کەیسى ماڵ و موڵکە دزراوەکانى کوێت بەر لە کۆتاییهاتنى ئەمساڵ دابخات.

ئاماژەى بەوەشکرد، وڵاتەکەى بەردەوام کارى کردووە بۆ چارەسەرکردنى کێشەى ونبووە کوێتییەکان کە ئەنجام و پێشکەوتنى باشى لەو بوارەدا بەخۆوەبینیوە ئەوەش بە پشتبەستن لە رێگەى مانگە دەستکردەکانەوە بۆ دۆزینەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

هاوکات جارەڵا باسى لەوەکرد، بەهیوان تەواوى بێسەروشوێنبووە کوێتیەکان بدۆزرێنەوە و ڕادەستبکرێنەوە و وتیشى، ئەو کتێبانەى لە عێراق وەرگیراونەتەوە ئەرشیفى کۆنى کوێتبوون و بەشێکیشیان زانست و زانیارى جۆراوجۆرى تێدابووە.

بەپێى بریارى ژمارە ٢٠١٣ و ٢١٠٧ ى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى دەبێت عێراق تەواوى ئەو موڵ و ماڵانەى کە لە داگیرکردنى کوێت لە ساڵى ١٩٩٠ دزراون بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو وڵاتە.