سەردێڕ:

بەهۆی مارێکی کۆبراوە لە شارێک حاڵەتی لەناکاو ڕاگەیەنرا

فۆتۆ: 
2019-08-28

37115 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی هەڵهاتنی مارێکی کۆبرا لە شاری هیرنە لە ئەڵمانیا، بەرپرسانی ناوچەکە خەڵکیان ئاگادارکردووەتەوە کە دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکانیان دابخەن، خۆیان لە شوێنی چیمەن و گژوگیای بەرز بەدوربگرن.

ئاژانسی هەواڵى سکای نیوز نوسیوویەتی، ئەو مارە درێژییەکەی نزیکەی مەترێک دەبێت و لە جۆری ماری کۆبرایە، ژەهرەکەی کوشندەیە، لە رۆژی یەکشەممەی رابردووەوە لە خاوەنەکەی هەڵهاتووە کە دەکەوێتە شاری هیرنە.

پۆلیس چوار باڵەخانەی نزیک ماڵی خاوەن مارەکە داخستووە، بە گومانی بوونی مارەکە لە یەکێک لە باڵەخانەکاندا، چونکا بەپێی شایەتحاڵەکان مارەکە دواجار لەوێ بینراوە، داواش لە دانیشتووانی نزیک ئەو شوێنە کردووە دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان دابخەن.

یۆهانیس شودزیاک بەرپرسی ناوچەکە بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند، پێیان وایە مارەکە هێشتا لە ماڵی خاوەنەکەیدایە، هەربۆیە رێکاری ئەمنی توندیان گرتووەتە بەر و چوار باڵەخانەی نزیک ماڵی خاوەنی مارەکەیان داخستووە، پشکنینی تەواوی بۆ دەکرێت تا بزانرێت هیچ شوێنەوارێکی مارەکەی لێیە.

لە هەر یەکێک لە باڵەخانەکان ئاردیان ڕشتووە، بەمەبەستی چاودێریکردن و جێهێشتنی ئاسەواری مارەکە و دۆزینەوەی شوێنەکەی.

پۆلیسی ناوچەکەی لەدوای هەڵهاتنی ماری کۆبراکە نزیکەی ٢٠ ماری تری لە هەمان ماڵ دۆزیوەتەوە.

ئ.ل