سەردێڕ:

ڤیدیۆی منداڵێک لە پەیجی ئێن ئاڕ تی دوو نزیکەی چوار ملیۆن بینەری هەبووە

فۆتۆ: 
2019-08-26

39511 جار خوێندراوەتەوە

ڤیدیۆی منداڵێک کە بەجلی کوردییەوە هەڵدەپەڕێت، تەنها لە پەیجی ئێن ئاڕ تی دوو لە فەیسبوک نزیکەی چوار ملیۆن بینەری هەبووە.

عوسمان عەبدولقادر باوکی ئەو منداڵە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ یادگاریی ئەو ڤیدیۆیەی تۆمارکردووە، ویستویەتی وەک نیشانەی پاکی و ڕووی شادیی منداڵان ڤیدیۆکە بڵاوببێتەوە.

ڤیدیۆکە لەلایەن باوکی منداڵەکەوە نێرداوە بۆ ئێن ئاڕ تی دوو، کە تێیدا دەردەکەوێت منداڵەکە جلی کوردی لەبەردایە، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە پلیکانەی ناو ماڵەکەیانەوە دێتەخوارەوە، بە ڕووی خۆش و پێکەنینەوە لەگەڵ گۆرانییەکی عەزیزی وەیسیدا، لەسەر فەرشی ژوورەکە و لەبەر تەلەفزیۆنێکدا کلێنسێکی بەدەستەوەیە و هەڵدەپەڕێت.

جوڵەکانی ئەو منداڵە بەوتەمەنە بچوکەوە، شێوازی هەڵپەڕکێکەی بووەتە جێی سەرنجی بینەرانی ڤیدیۆکە لە فەیسبووک، تەنها لە پەیجی ئێن ئاڕ تی دوو "سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار" جار بینراوە، "چوارهەزار و ٩١٦" جار شەیرکراوە، ٢٦ هەزار لایکی بۆ هاتووە.

ئەو منداڵە ناوی ئەیان عوسمانە و خەڵکی هەڵەبجەیە، لە وڵاتی بەریتانیا لەدایکبووە، ڤیدیۆکە لە نەورۆزدا تۆمارکراوە، ئەوکاتە تەمەنی ساڵێک وحەوت مانگ بووە، ئێستا تەمەنی سێ ساڵە، بەوتەی باوکی کۆمیدیترین منداڵی باخچەی مولبێری بوشە لە شارۆچکەی هەدەسفیڵد  سەربە مانچێستەری بەریتانیا.
چەند وێنەیەکی ئێستای ئەیان