سەردێڕ:

حەشدی شەعبی: فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانمان لە موسڵ خستووەتەخوارەوە

فۆتۆ: 
2019-08-26

2727 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی حەشدی شەعبی رایگەیاند، فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوانیان لەسەر یەکێک لە بارەگاکانی هیزەکانیان لە موسڵ خستووەتەخوارەوە.

لە راگەیەندراوێکی فەرماندەیی حەشدی شەعبیدا هاتووە، "فەرماندەیی حەشدی شەعبی لە موسڵ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانیان خستووەتەخوارەوە کە ناسنامەی فرۆکەکە نازانرێت سەر بەچ وڵاتێکە".

ئاماژە بەوەشکراوە، فرۆکەکە بۆ ماوەی ٢٠ خولەک بەسەر بارەگەیەکی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا سوڕاوەتەوە، دوای ئەوەی دڵنیابوونەتەوە کە فڕۆکەکە عێراقی نیە و سەر بە ناوەندی ئۆپراسیۆنەکان نیە لە رێگای چەکی دژە فڕۆکەوە خراوەتە خوارەوە".

ئەمڕۆش سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەگەڵ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەوەی "دەستدرێژیکردنە سەر حەشدی شەعبی كارێكی دوژمنكارانەیە و عێراقی بەهێز و خۆڕاگر بەئامانجدەگرێت" و، جەختیشکراوەتەوە، کە عێراق لە رێگای پەیوەندییەکانی لە دەرەوە وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەند جارێک بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە بەشیك لە پارێزگاکانی عێراق بۆردومانکراوە، دوێنێش حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئیسرائیلی بە بۆردومانکردنی بارەگاکانی تۆمەتبارکرد.