سەردێڕ:

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەسەر بۆردومانکردنی حەشدی شەعبی هاتنە دەنگ

فۆتۆ: 
2019-08-26

1882 جار خوێندراوەتەوە

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لەگەڵ فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەوەی "دەستدرێژیکردنە سەر حەشدی شەعبی كارێكی دوژمنكارانەیە و عێراقی بەهێز و خۆڕاگر بەئامانجدەگرێت" و، جەختیشکراوەتەوە، کە عێراق لە رێگای پەیوەندییەکانی لە دەرەوە وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێڕاق لە بەغدا نوسیوویەتی، "لە کۆبوونەوەکەدا تەئكید لەسەر گرنگیی رۆڵی ئازایانەی حەشدی شەعبی كرایەوە، لەگەڵ پێكهاتەكانی تری هێزە چەكدارەكان، لە شەڕی ئازادكردن و تێكشكاندنی داعش و تیرۆریستان."

ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەو دەستدرێژییانەی بەمدواییە رووبەرووی حەشدی شەعبی بوویەوە لەگەڵ راكێشانی حەشدی شەعبی و دامەزراوەی بەرگریی نیشتمانی، سەرقاڵكردنیانە لە بەردەوامبوونی لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش و كۆتاییهێنان بە تیرۆر و ئەو مەترسییانەی روبەڕوی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بووەتەوە."

باس لەوەشکراوە،" عێراقیش لەرێی حكومەت و سەرجەم كەناڵە كاریگەرەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەكان تەواوی رێوشوێنەكان دەگرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەی دوژمنان و بەرگری لە ئاسایش و سەروەری و خاكی عێراق".

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لە رێزگرتن لە سەروەریی یاسا و تەئكیدكردنەوە لە مەرجەعیەتی دامەزراوەكانی دەوڵەت و پابەندبوون بە هەموو ئەو پرسانەی ئەو رۆڵە پتەودەكات و ئەمن و ئاسایش و سەلامەتی و ئارامیی عێراق دەپارێزێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا چەند جارێک بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە بەشیك لە پارێزگاکانی عێراق بۆردومانکراوە، دوێنێش حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ئیسرائیلی بە بۆردومانکردنی بارەگاکانی تۆمەتبارکرد.