سەردێڕ:

دوای دۆزینەوەی گەورەترین گەنجینەی مێژوویی ژن و پیاوێکی بەریتانی بوون بە ملیۆنێر

فۆتۆ: 
2019-08-26

20144 جار خوێندراوەتەوە

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ئابی ٢٠١٩، دۆزینەوەی گەورەترین گەنجینەی مێژوویی کە تا ئێستا دۆزرابێتەوە لەلایەن ژن و پیاوێکی بەریتانییەوە بووە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا.

ئادەم ستابلز و لیزا گرەیس، لە شآری دێربی دەژین و دۆزینەوەی ئاسارە کۆنەکان و دراوە کۆنەکان یەکێکە لە هیوایەت و ئارەزوەکانیان، ئەم گەنجینەیە پێکهاتووە لە دوو هەزار و ٥٧١ پارچە دراوی کۆن، کە نرخەکەی دەگاتە پێنج ملیۆن یۆرۆ.

بەپێی ڕاپۆرتێکی  ڕۆژنامەی "سەندەی مەیل"ی لەندەنی، دراوە دۆزراوەکان سەرجەمیان زیون و مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پادشا هارۆڵدی دووەم لە قۆناغی لانگلۆساکسۆنییەکان لە بەریتانیا و، سەردەمی پادشا ویلیام و دوای ڕزگارکردنی نۆرماندی لە ساڵی ١٠٦٦.

شارەزایان دەڵێن، ئەم دراوە زیوانە بەرامبەر بڕێکی زۆر پارە بووە لە سەردەمی کۆندا و بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ کەسێکی خاوەن سەرمایە، لەوانەیە لەگەڵ خۆیدا نێژرابێت تاکو بپارێزرێت.

ئەم دراوە کانزاییانە لەکاتی گەڕاندا ئادەم ستابلز و لیزا گرەیسەوە لە کێڵگەیەکدا لە ناوچەی سۆمرست لە باکوری ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا دۆزیویانەتەوە.

دەوترێت ماوەی دەسەڵاتی پادشا هارۆڵدی دووەم تەنها حەوت مانگی خایاندووە، دوای بەرکەوتنی چاوی بە تیرێک لە جەنگی (هاستینگز)دا و، ئەم بڕە پارەیە لەو سەردەمەدا ئەوەندە دەگمەن بووە کە باوەڕناکرێت کەسێک ئەو بڕە پارەیەی هەبووبێت.

بەپێی چاوپێکەوتنی ئەم ژن و پیاوە لەگەڵ ڕۆژنامەی "ترێژە هەنتینگ ماگەزن"، ئەوان پەیوەندییان بە کەرتی پۆلیسی ناوچەکەوە کردووە و بەپێی یاسا دراوە کانزاییە مێژووییەکە پێشکەش بە مۆزەخانەی لەندەن کراون، مۆزەخانەی بەریتانیا لە بەرامبەر ئەو دەستکەوتەدا دیاریی پێشکەشی ئادەم و لیزا کردووە، کە لە نێوان نیوەڕۆ و ئێوارەدا بوون بە ملیۆنێر و خاوەنی کێڵگەکەش لە سەدا ٥٠ی داهاتەکەی بەرکەوتووە.

بەپێی وتەی شارەزایان، حەوت مانگی کۆتاییان لە لێکۆڵینەوە دەربارەی دراوە کانزاییەکە بەسەربردووە و، لەم هەفتەیەشدا بۆ یەکەمجار زانیاریی زیاتر دەخەنە بەردەستی هاوڵاتییان و، دەیان کەس نامەی پیرۆزباییان ئاراستەی ئادەم و لیزا کردووە.