سەردێڕ:

عێراق.. بەهۆى بۆردومانێکەوە سەرکردەیەکى حەشدى شەعبى کوژرا

فۆتۆ: 
2019-08-25

4377 جار خوێندراوەتەوە

حەشدى شەعبى ڕایگەیاند، کاروانێکى هێزەکانیان لەسەر سنورى عێراق و سوریا کراوەتە ئامانج و چوار کەس کوژراون، کە یەکیکیان سەرکردەیەکى حەشدى شەعبییە.

لە ڕاگەیەندراوێکى لیواى ٤٥ى حەشدى شەعبیدا هاتووە، ئێوارەى ئەمڕۆ ٢٥ى ئابى ٢٠١٩ فڕۆکەیەکى بێفرۆکەوان دوو ئۆتۆمبێلى لیواى ٤٥ى حەشدى شەعبیى لە ناوچەى قائیمى خۆرئاواى عێراق کردووەتە ئامانج.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆى بۆردومانەکەوە چوار چەکدارى حەشدى شەعبى کوژراون، کە ئەبو عەلى دووبەى سەرکردەیەکى حزبوڵاى عێراقى تێدایە.

بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى لیواى ٤٥، هەر ئەمڕۆ فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوان کۆگایەکى چەک و تەقەمەنیى لە قەزاى قائیم لە پارێزگاى ئەنبار بۆردومانکردووە و کوژراو و بریندارى لێ کەوتووەتەوە.

باسى لەوەش کردووە، "ئەو کارەى فڕۆکەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى چەند جارێک دووبارە بووەتەوە و، ئێستاش بە بەردەوامى بەسەر یەکەکانى حەشدى شەعبیدا دەسورێنەوە."

ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژمارەیەک فڕۆکەی ئیسرائیل هێزێکی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە نزیک شاری دیمەشق لە سوریا کردووەتە ئامانج.

لە بەرانبەریشدا فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران ڕەتیکردەوە، دوێنێ پێگەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە لەناو خاکی سوریادا کرابێتە ئامانج.

پێشتر بنیامین نەتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد، هیچ پارێزبەندییەک بۆ ئێران نییە لە هیچ شوێنێک، سوپاکەیان توانیوویەتی پلانێکی فەیلەقی قودس بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکەی پوچەڵبکاتەوە و، بەهۆیەوە ژمارەیەک پاسداری ئێرانی کوژراون.