سەردێڕ:

پەرلەمانتارێک: پێویستە سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌م پڕۆژەی‌ بودجه‌ بگاته ‌پەرلەمان

فۆتۆ: 
2019-08-24

1161 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی کوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، به‌پێی یاسای "ئیداره‌ی دارایی" ده‌بێت سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌م، پڕۆژه‌ بوودجه‌ی عێراق بگاته ‌پەرلەمان و دواتر په‌رله‌مان بۆ وتوێژكردن له‌سه‌ری كۆببێته‌وه‌.

شیروان میرزا وتیشی، ده‌بێت حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش زوو له‌خه‌می ئه‌وه ‌دابێت پڕۆژه‌ بوودجه‌ی خۆی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكات بۆ په‌سه‌ندكردنی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عێراق، چونكه ‌ئه‌گه‌ر تاوه‌كو ١ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و بوودجه‌یه‌ په‌سه‌ند نه‌كات ئه‌وا مه‌ترسی ده‌كه‌وێته ‌سه‌ر بوودجه‌ی هه‌رێم به‌پێی یاسای ئیداره‌ی دارایی.

لای خۆیەوە عه‌بدولهادی سه‌عداوی ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی له‌پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پڕۆژه‌بوودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق كورتهێنان تێیدا زیاتر بێت له ‌بوودجه‌ی ئه‌مساڵی ٢٠١٩ كه ‌بڕه‌كه‌ی ٢٧ تریلیۆن دیناره‌ به‌كرده‌یی.

باسی لەوەشکردوە، كه ‌وه‌زاره‌تی دارایی عێراق پێویسته‌ "ده‌ستوبرد" بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی بوودجه ‌و مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاندووە "ناكرێت هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر راده‌ستنه‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت و وه‌زاره‌تی دارایی له‌ناردنی بوودجه‌ به‌رده‌وام بێت، ده‌بێت ئه‌م پرسه‌ به‌زووترین كات یه‌كلایی بكرێته‌وه‌، چونكه‌ زیانی گه‌وره‌ له ‌سامانی عێراق ده‌دات".