سەردێڕ:

وەزارەتی بەرگری عێراق راسپێردرا بۆ دانانی پلانی پێشخستنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی

فۆتۆ: 
2019-08-24

1894 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق کە باڵاترین دەسەڵاتی ئەمنییە لە وڵاتەکەدا، وەزارەتی بەرگری راسپاردووە، بۆ دانانی پلانی پێویست بەمەبەستی پێشخستنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی و پڕچەک کردنی فەرماندەیی هێزی ئاسمانیی بەجۆرێک، کە گونجاوبێت لەگەڵ دۆخی ئێستا و داهاتوودا.

لە بەیاننامەی ئەنجومەنەکەدا باس لەوەشکراوە، کە حەشدی شەعبی رۆڵی گەورەی بینیووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاککردنەوەی خاک و شارەکانی عێراق لە رێکخراوی داعش، بۆیە بەرپرسیارییەتی حکومەتە پارێزگاری لێ بکات.

هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا کە بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەڕێوەچوو، جەخت لە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کراوەتەوە لە ١٥ی ئاب دەرچووە بە هەڵوەشاندوەی گشت ئەو رەزامەندییە تایبەتانەی کە پێشتر بە فڕینی فڕۆکە سەربازیی لە کایەی ئاسمانیی عێراقدا درابوون.

کۆبوونەوە و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دوای ئەوە هاتن کە لە ماوەکانی رابردوودا چەندین جار بنکە و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین و بەغدا کرانە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و ئیسرائیلیش بە تۆمەتباری سەرەکی ئەو هێرشانە ناوبراوە و ئەو وڵاتەش رەتینەکردۆتەوە.

بنیامین ناتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ئەو هێرشانەوە رایگەیاندووە، لە هیچ شوێنێک دەست لە ئێران ناپارێزن.