سەردێڕ:

وردەکاریی ئەو سکاڵا نوێیەى لەسەر حکومەتی هەرێم و ئاشتی هەورامی لە لەندەن تۆمارکراوە

فۆتۆ: 
2019-08-23

7233 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی بەڵگەنامەیەکی ١٤ لاپەڕەیی کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، وردەکاریی ئەو سکاڵایەی تیدایە کە کۆمپانیای دایناستی لە بەریتانیا لەسەر حکومەتی هەرێم و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم تۆماریکردووە.

لە بەڵگەنامەکەدا ئەوە هاتووە، کۆمپانیای دایناستی ڕایگەیاندووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و ئاشتی هەورامییەوە هەڕەشەیان لێ کراوە و هەوڵدراوە بۆ زیان گەیاندن بە کۆمپانیاکەیان و هەروەها هەوڵدراوە بۆ قایلکردنیان تا گرێبەستەکەی نێوانیان پێشێلبکەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی قایل نەبوون قازانجی کارەکانیان بدەن بە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، باس لەوەش کراوە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ئاگاداری ئەو هەوڵانەن.

کۆمپانیای دایناستی پشکەکانی دوو کێڵگەی نەوت لە کۆمپانیای ریسپۆڵی ئیسپانی کڕیوەتەوە و بەپێی ماددەی ٣٩ بڕگەی ٧ لە یاسای گرێبەستە هاوبەشەکانی بەرهەمهێنان، گۆڕانکاری لە پێناسەی ئەو کەسەی مافی بەرێوەبردنی کۆمپانیایەکی هەیە، کارێکی یاساییە و حکومەتی هەرێم ناتوانێت رێگری لێبکات.

بەڵگەنامەکە باس لەوەش دەکات، کۆمپانیای رێسپۆڵ لە ٢٩ی ئایاری ئەمساڵدا لە نامەیەکدا داوای لە ئاشتی هەورامی کردووە، کە پابەند بێت بە ماددەی ٣٩ بڕگەی ٧ ی یاسای گرێبەستە هاوبەشەکانی بەرهەمهێنان، بەڵام ئاشتی هەورامی بەبێ بوونی قازانج بۆ حکومەتی هەرێم و خودی خۆی قایل نابێت.

لە ٢٥ی تەمموزیشدا جارێکی دیکە کۆمپانیای رێسپۆڵ نامەیەک ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردووە و تێیدا داوای کردووە هاوکاربێت تا ماددەکە وەک خۆی جێبەجێبکرێت، بەڵام مەسرور بارزانی هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە.

لە بەڵگەنامەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، داواکردنی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو لە حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئەم شەش خاڵەدایە:

١پلانگێڕی بۆ زیانگەیاندن بە کۆمپانیای دایناستی.

٢دەستوەردانی نایاسایی بە نیەتی زیانگەیاندن بە کۆمپانیای دایناستی.

٣- ترساندن.

٤- هەوڵدان بۆ پێشێلکردنی گرێبەستەکە.

٥- قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیاکە بە گوێرەی یاسای ژمارە ئێس ٣٥ ئەی لە دادگای باڵای بەریتانیا بۆ ساڵی ١٩٨١.

٦- قەرەبووکردنەوەی خەرجییەکانی کۆمپانیاکە.

وەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، کاتێک گرێبەستێکی کڕین و فرۆشتن بۆ ئەو پشکانە دەکرێت، کە لە نێوان کۆمپانیاکانی بواری نەت و  گازدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا دەکرێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تاکە لایەنە کە قازانجی ماددیی لەو گرێبەستانە وەردەگرێت  بەجۆرێک لە بەرامبەر کارکردنیی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت و گاز لە هەرێمدا، %٨٥ی قازانجیان دەدرێتە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هەرێم  لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە تا ئێستا ٤٠ گرێبەستی هاوبەشی لە بواری نەوت و گازدا واژۆ کردووە، بەڵام تا ئێستا کار بە ٢٥ رێککەوتنیان کراوە، وەک لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژەى پێکراوە.

بەپێى بەڵگەنامەکان، جگە لە قازانجی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز، حکومەتی هەرێم لە رێگای فرۆشتنی نەوت بە تورکیا بەشێوەی راستەوخۆ قازانج وەردەگرێت و هەموو قازانجەکانیش دەگوازرێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم.

ئەوەش ئاشکراکراوە، هەموو گرێبەستەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا بۆ ماوەی ٢٥ ساڵە و دەشتوانێت بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ درێژی بکاتەوە.

لەسەر ئەم دۆسیەش تا ئێستا حکومەتى هەرێم و وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بە فەرمى هیچ راگەیەندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە.