سەردێڕ:

"ئەوەى دەسەڵاتى کوردى لە ١٥ساڵدا نەیکرد بۆ دوزخورماتوو، بەغدا بە یەک ساڵ کردى"

فۆتۆ: 
2019-08-23

5957 جار خوێندراوەتەوە

دواى کەمتر لە ساڵێک لە گەڕانەوەى دەسەڵاتى بەغدا بۆ دوزخورماتوو، کارکردن لەو پڕۆژانەى قەزاکە دەستیپێکردەوە، کە لە ماوەى ١٥ ساڵ دەسەڵاتى پارتى و یەکێتیدا بە تەواونەکراوى بەجێهێڵران.

پرۆژەکان لە ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و شۆستەی گەڕەک و کۆڵانەکان پێکدێن، کە پێش رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٧ تەواونەکران.

چاوان حەسەن لەدایکبووی قەزای دوزخورماتووە و تەمەنی ١٨ ساڵە، دڵخۆشە بە پرۆژەی قیرتاوکردنی کۆڵانەکەیان و دەڵێت، یەکەمجارە دەبینێت پرۆژەی لەو شێوەیەیان بۆ دەکرێت.

پرۆژەکان کە لەلایەن بەغداوە بڕى ١٣ ملیار دینار بۆ تەواوکردنیان تەرخانکراوە، بەشێکیان راستەوخۆ لەلایەن حکومەتى عێراق و وەزارەتى شارەوانی و بەشێکى دیکەشیان لەلایەن ئیدارەى خۆجێیی پارێزگاى سەڵاحەدینەوە جێبەجێ دەکرێن، بەشێک لە هاوڵاتییانیش داوادەکەن پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامبن.

دەستپێکردنی پرۆژەکان و قیرتاوکردنی بەشێک لە کۆڵان و گەڕەکەکان لە دوزخورماتوو قسەوباسی جیاوازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەناو هاوڵاتییانی قەزاکە لێکەوتووەتەوە.

تەنها ئەحمەد دانیشتووى دوزخورماتوو لە پۆستێکدا لە فەیسبووک نوسیوویەتی، ڕاستییەکی تاڵ لە دوزخورماتوو، ئەو خزمەتانەی دەبوو دەسەڵاتی کوردی لە ماوەی ١٥ ساڵی حوکمڕانیدا بۆ گەڕەکە کوردییەکان بیکردایە نەیکرد، بەڵام حکومەتی عێراق لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا دەستیکرد بە جێبەجێکردنی.

وسام عابدین سەرۆکی شارەوانیی دووزخورماتوو باسی لەوە کرد، بەپێی پلانێک کە لەلایەن شارەوانیی دووزخورماتووەوە داڕێژراوە، هەموو گەڕەکە کوردی و تورکمانی و عەرەبییەکان خزمەتگوزرایی قیرتاوکردن و کۆنکرێت دەیانگرێتەوە و پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆی قەزاکەش تەواو دەکرێت.

لە دواى روخانى رژێمى سەدام حوسەینەوە، نزیکەى ١٠ پڕۆژەى جیاواز بۆ دوزخورماتوو راگەیەندران و بڕیاربوو جێبەجێ بکرێن، بەڵام تا ئێستا تەواونەکراون، هەرێمى کوردستانیش پێشتر چەندجارێک بودجەى بۆ تەواوکردنى پڕۆژەکان تەرخانکرد، بەڵام بە تەواونەکراوى بەجێهێڵران.