سەردێڕ:

کۆیە.. هاوڵاتییەک لە بەنداوی سماقوڵیدا خنکا

لەکاتى مەلەکردندا
فۆتۆ: 
2019-08-23

3999 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، کۆیە، خالید محەمەد

ئەمڕۆ هەینى هاوڵاتیەکی شاری هەولێر لە کاتى مەلەکردندا لە ئاوی بەنداوى سماقوڵى خنکا.

گۆران ئەحمەد سماقەیی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، ئەو هاوڵاتیە ناوی ( یوسف خەتاب عەمرە) ەو تەمەنی ۱۷ ساڵە، دانیشتوی شاری هەولێرە و پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ لە ئاوی بەنداوی سماقوڵی خنکاوە.

وتیشی، خنکانی ئەو هاوڵاتییە بەهۆی مەلەکردنەوە بووە لە ئاوەکەدا و ئەوان پێشتر ڕێنماییان بە هاوڵاتیان دابوو کە مەلە نەکەن و لە سنوری بەنداوەکەشدا تابلۆیان هەڵواسیوە کە مەلەکردن قەدەغەیە.

خنکانی ئەو هاوڵاتیە لەکاتێکدایە کە نزیکەی مانگێک لەمەو بەر وەزارەتی ناوخۆ کۆمەڵێک مەرجی بۆ پڕۆژە و کەپر و شوێنە گەشتیارییەکان دەرکردبوو کە یەکێک لەو مەرجانەش قەدەغەکردنی مەلەیە لە ئاوی بەنداو و ڕوبار و شوێنە گەشتیارییەکان .

لەماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا ئەمە دووەم حاڵەتی خنکانی هاوڵاتییانە لە سنوری قەزای کۆیە.