سەردێڕ:

وادەى فرۆشتنى تابلۆى ئۆتۆمبێلى ژمارە یەکى هەڵەبجە دیاریکرا

رۆژى ١٦ى مانگى داهاتوو
فۆتۆ: 
2019-08-23

12114 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى ناوخۆ رایگەیاند، بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەڵەبجە ژمارە تابلۆ نایابەکانى ئۆتۆمبێلەکانى پارێزگاى هەڵەبجە بەڕێگاى زیادکردنى ئاشکرا لە رۆژى ١٦ى مانگى داهاتوو دەفرۆشرێت.

وەزارەتەکە لە نوسراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو ژمارانەى زیادکردنى ئاشکرایان بۆدەکرێت بریتین لە ژمارەى تابلۆکانى (١، ٢، ٣، ٤، ٥، ٦، ٧، ٨، ٩).

روونیشیکردووەتەوە، هەرکەسێک ئارەزووى بەشداریکردنى هەیە لەماوەى ٢٠ رۆژدا لە ٢٧ى ئابى ٢٠١٩  تاوەکو ١٥ى ئاب سەردانى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى هەڵەبجە بکات و ناوى تۆمار بکات.

باسی لەوەشکردووە، زیادکردنەکە لە رۆژى ١٦ى ئەیلولى ٢٠١٩ دەبێت، لە کاتژمێر ١٠ى سەرلەبەیانى لە (بیناى هۆڵى بۆنەکان) لە ناوەندى پارێزگاى هەڵەبجە دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە مانگى ئایارى ئەمساڵ لەمیانى کۆبوونەوەیەکدا لە نێوان بەرپرسانى ئیدارى هەڵەبجە و چەند بەرپرسێکى وەزارەتى ناوخۆ چەند ڕاسپاردەیەک بە کۆی دەنگ نوسرا و واژۆکرا، کە بریتین لە فرۆشتنی تابلۆکانى ئۆتۆمبێل بە زیادکردنى ئاشکرا و دروستکردنی دوو لیژنە بۆ خەمڵاندن و فرۆشتنی ژمارەکان و کردنەوەی ژمارە حسابیی تایبەت بەو داهاتە لە پارێزگای هەڵەبجە و، خەرجکردنی ١٠٠%ی داهاتەکەی لە پرۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجە و ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە.