سەردێڕ:

زاناکان: ئەگەرى هەیە لە چەند ساڵی داهاتوودا دڵی بەراز بۆ مرۆڤ بچێنرێت

فۆتۆ: 
2019-08-23

5219 جار خوێندراوەتەوە

ئەو پزیشکەی کە بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا نەشتەرگەریی چاندنەوەی دڵی کرد، لە ئێستادا ئاشکرایکردووە کە ئەگەری هەیە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا دڵی بەراز بۆ مرۆڤ بچێنرێتەوە.

رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بڵاویکردەوە، سیر تێرینس ئینگڵشی تەمەن ٨٧ ساڵ، لە بەریتانیا ٤٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار بە سەرکەوتوویی نەشتەرگەریی چاندنەوەی دڵی کرد و ئێستا پێیوایە تەکنیکی"xenotransplantation"، کە بریتییە لە چاندنەوەی ئەندامی جۆرێکی گیاندار بۆ جۆرێکی تر، ببێتە هەنگاوی داهاتووی پزیشکان.

ئەو پزیشکە بە ڕۆژنامەی تێلەگرافی بەریتانیی ڕاگەیاند، بە هەمان شێوەی نەشتەرگەرییەکەی، کە لە ساڵی ١٩٧٩دا کرا، بەنیازە پێش کۆتایی ئەمساڵ لە نەشتەرگەرییەکدا گورچیلەی مرۆڤێک بە گورچیلەی بەرازێک بگۆڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر دەرەنجامەکانی نەشتەرگەرییەکە پەسەند و ئەرێنی بێت، لە ساڵانی داهاتوودا بە هەمان شێوە ئەگەری هەیە نەشتەرگەریی چاندنەوەی دڵی بەراز بۆ مرۆڤ بکرێت.

وتیشی، "ئەگەر بۆ گورچیلە سەرکەوتوو بێت، ئەوا بۆ دڵیش سەرکەوتوو دەبێت."

بەگوێرەیی ئەو پزیشکە، ئەمە بە تەواوی گرفتی چاوەڕوانیکردن بۆ ئەندامی کەسانی خۆبەخش لەناودەبات، بەپێی ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەیەکی بەریتانییش، لە ئێستادا ٢٨٠ هاوڵاتیی بەریتانی چاوەڕێی دڵی خۆبەخش دەکەن.

Terence English in 1986. Credit: PA

 ز.ن