سەردێڕ:

بەڕازیل.. ماوەی ١٦ رۆژە دارستانی ئەمازۆن دەسوتێت

فۆتۆ: 
2019-08-22

3932 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی ١٦ ڕۆژە ئاگر لە دارستانی ئەمازۆن لە بەڕازیل کەوتووەتەوە، کە گەورەترین دارستانی باراناوییە لە جیهاندا و بە کۆگای ئۆکسجین دادەنرێت و تا ئێستاش ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.

پەیمانگای نیشتیمانی بۆ توێژینەوەی بۆشایی ئاسمان لەبارەی ئاگرەکەوە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەپێی ئەو وێنانەی لە ئاسمانەوە گیراون رێژەی سوتانی دارستانی ئەمازۆن لە مساڵدا لەسەدا ٨٤ زیادیکردوە بەراورد بەهەمان کاتی ساڵی ڕابردوو. بە شێوەیەک تاوەکو ٢٠ی ئەم مانگە زیاتر لە ٧٤ هەزار جار ئاگر لە داستانەکانی ئەو وڵاتە کەوتووەتەوە، ئەوەش بەرزترین ڕێژەیە، کە لە ساڵی ٢٠١٣وە تۆمار کرابێت.

دارستانی ئەمازۆن دەکەوێتە وڵاتی بەڕازیلەوە و بە گەورەترین ڕووبەری دارستان لە جیهاندا دادەنرێت و نزیکەی یەک ملیۆن خەڵکی رەسەنی تێدا دەژین و زیاتر لە سێ ملیۆن جۆری رووەک و ئاژەڵی تێدایە.

دارستانەکە بە سییەکانی گۆی زەوی ناسراوە و لە سەدا ٢٠ی ئۆکسجینی هەسارەی زەوی بەرهەم دەهێنێت و ڕۆڵێکی گەوەی هەیە لە کەمکردنەوەی گەرمبوونی گۆی زەوی، بەڵام لە دەستپێکی گڕگرتنیەوە سەدان گیانداری ئەو دارستانە سووتاون و زیانێکی زۆر بەر دارستانەکە کەوتووە و لە ئەگەری بەردەوامبونی ئاگرەکەش کاریگەری لەسەر گەرمبوونی گۆی زەوی دەبێت.

بەهێزیی ئاگرەکە و بەردەوامییەکەی وایکردوە دووکەڵ ئاسمانی شاری سائۆپاوڵۆ دابپۆشێت، کە گەورەترین شاری بەرازیلە و دەکەوێتە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەوە. شارەکە بە شێوەیەکی لێهاتووە ڕۆژیشی وەکو شەو تاریک بووە.

جەیر بۆلسۆنارۆ، سەرۆکی بەرازیل ڕێکخراوە ناحکوییەکان تۆمەتبار دەکات بە کردنەوەی ئاگرەکە و پێی وایە دەیانەوێت کێشە بۆ حکومەت دروست بکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا حکومەت بودجەی ئەو ڕێکخراوانەی بڕی.

بەشێک لە سیاسەتمەدارانی بەرازیلیش جەیر بۆلسۆنارۆ سەرۆکی وڵات تۆمەتبار دەکەن لەبەرامبەر ئەو ئاگرەی لە دارستانی ئەمازۆن دروستبوە، پێیان وایە سەرۆکی وڵات رێگەی بە جوتیاران و داربڕەوەکان داوە دارەکان ببڕنەوە، هەروەها زانایانیش پێیانوایە لەماوەی هاتنە سەر حوکمی بۆلسۆنارۆ، لەدەستدانی ناوچە دارستانییەکانی ئەمازۆن خێراتر بووە.