سەردێڕ:

لە ٢٢ی ئابدا جیهان قوربانیانی تیرۆر بەبیردەهێنێتەوە

فۆتۆ: 
2019-08-22

1023 جار خوێندراوەتەوە

٢٢ی ئاب جیهان یادی دووەمین ساڵەی قوربانیانی دەستی تیرۆر دەکاتەوە، دیاریکردنی ٢٢ی ئابیش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ئامانجی پشتیوانیکردنە لە قوربانییانی دەستی تیرۆر و جەختکردنەوەیە لە یەکگرتوویی جیهان لە دژی تیرۆر.

ساڵی ٢٠١٧ نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٢ی ئابی وەکو رۆژی جیهانی یادکردنەوەی قوربانیانی دەستی تیرۆری پەسەندکرد، لەو ساڵەدا ٧٥% رووداوەکانی مردن بەهۆی تیرۆرەوە لە جیهاندا لە پێنج وڵاتدا تۆمارکرا کە بریتیبوون لە عێراق و سوریا و ئەفغانستان و نەیجیریا و سۆماڵ.

لەو بارەیەوە ئالیس وۆلپۆڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە پەیامێکدا دەڵێت، داعش هەزاران ماڵ و خوێندنگە و مزگەوت و نەخۆشخانەی وێران کرد و ویستی لە رێگای دامەزراندنی خەلافەتەوە رابردووی دانیشتوانی عێراق بسڕێتەوە.

بەپێی ئامارێک کە لەسەر ئاستی ١٦٨ وڵاتدا تۆمارکراوە ساڵی ٢٠١٨، تێکڕای خەرجی روبەروبونەوەی تیرۆر لە جیهاندا بە ٥٢ ملیار دۆلار مەزەندە کراوە، هەندێ سەرچاوەش پێیانوایە خەرجییەکە زۆر لەوە زیاترە کە راگەیەندراوە.

بەپێی ئامارەکە تێکڕای رووداوە تیرۆریستییەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تاوەکو ساڵی ٢٠١٨بە رێژەی ٤٤% کەمیکردووە و عێراق و سوریاش زۆرترین بەرەوپێشوچونیان لەو بوارەدا بەدەستهێناوە.

رۆژی ١٠ی حوزیرانی ٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر شاری موسڵ و دواتر یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی کۆنتڕۆڵکرد، لە ماوەی سێ ساڵی خەلافەتی داعش بە دەیان هەزار هاوڵاتی کوژران و نزیکەی سێ ملیۆن هاوڵاتیش ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و ئاوارەی ناوچە ئارامەکان بوون.

لە ماوەی دەسەڵاتی داعش لە عێراق ئێزدییەکان رووبەرووی کۆمەڵکوژییەکی فراوان بوونەوە، بەجۆرێک کاتێک ساڵی ٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر شنگال نیوملیۆن هاوڵاتی ئێزیدی ئاوارە بوون.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئێزدییەکانیش لە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم، ساڵی ٢٠١٤ نزیکەی حەوت هەزار ئێزیدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنران و تائێستاش سێ هەزار ٥٠٩ کەس ئازادکراون و دوو هـه‌زار ٩٠٨ کەسیش رزگـارنـەكـراون.