سەردێڕ:

پۆلیسی هەڵەبجە بۆ تیمى نەوەى نوێ: کارى دیکە نەکەنەوە

دواى چاککردنى رێگاى هەڵەبجە - چاوگ
فۆتۆ: 
2019-08-22

6473 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەى ئەمڕۆ دواى تەواوکردنى چاککردنەوەى رێگاى سەرەکى هەڵەبجە – چاوگ لەلایەن تیمى ئەندازیاری نەوەى نوێ، پۆلیسی هەڵەبجە بە تیمەکەى راگەیاندووە، کارى دیکە لەهەڵەبجە نەکەنەوە.

پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، دواى تەواوکردنى کارەکانى تیمى ئەندازیارانى نەوەى نوێ، پۆلیسى هەڵەبجە سەردانى ئەو رێگایەیان کردووە کە چاککراوە و بە تیمەکەیان وتووە،  "دواى تەواوکردنى ئەم کارەتان، هیچ کارێکى دیکە لە هەڵەبجە ئەنجامنەدەنەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە لەسەر داواکارى بەشێک لە خەڵکى هەڵەبجە ماوەى دوو ڕۆژە تیمى ئەندازیارى نەوەى نوێ سەرقاڵى چاککردنەوەى ڕێگاى سەرەکى هەڵەبجە_ چاوگن.

هەندرێن محەمەد، لە تیمى ئەندازیارى نەوەى نوێ بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، ئەو ڕێگایەى کاریان تێدا کردووە چاڵ و چۆڵییەکى زۆرى تێدابووە، بۆیە لەماوەى ڕابردوودا گرفتى زۆرى بۆ هاوڵاتیان دروست کردبوو.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەدرێژایى شەوى ڕابردوو تیمەکەیان لەکارکردن بەردەوام بووە، بۆئەوەى لەنزیکترین کاتدا کۆتایى بە پرۆسەکە بهێنن.

وتیشى، لەکاتى کارکردندا هاوڵاتیانى هەڵەبجە پێشوازییەکى گەرمیان لە تیمەکەیان کردووە و هاوکارییان کردوون بۆ باشتر بەڕێوەچونى ئیشوکارەکانیان.

ئەم هەوڵەى نەوەى نوێ بۆ چاککردنى بەشێک لەڕێگاوبانەکانى هەڵەبجە لەکاتێکدایە کە رێژەیەکى زۆر لە رێگاوبانەکانى هەڵەبجە تێکچوون و پێویستیان بەچاکردنەوە هەیەو چەندجارێک هاوڵاتیان، شارەوانى و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە گرفتەکە ئاگادار کردووەتەوە بەڵام وەک خۆیان ئاماژەى بۆ دەکەن بەدەمیانەوە نەهاتوون.

لەماوەى ڕابردووشدا گروپى شەقامى هەڵەبجەو چالاوانى شارەکە لەڕێگەى نەمام ناشتنەوە لەناو چاڵ و چۆڵیەکان و نوسینى ناوى بەرپرسەکان لەسەر شەقامەکان بەرپرسانى شارەکەیان لە کەم و کورتى شەقامەکان ئاگادار دەکردەوە.