سەردێڕ:

هەڵەبجە..قیرتاوکردنی بەشێک لە شەقامەکان لەلایەن تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێوە بەردەوامە

فۆتۆ: 
2019-08-22

3164 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەڵەبجە، وریا حەمەکەریم

قیرتاوکردنی بەشێک لە شەقامەکانی پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێوە بەردەوامە و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پرۆسەی قیرتاوکردنی بەشێک لە شەقامەکان تەواو بکرێت.

وەک تیمى ئەندازیارى نەوەى نوێ دەڵێن، رۆژی چوارشەممە تیمەکانیان تەنها پرۆسەی پڕکردنەوە و چاککردنەوە بەشێک لە شەقامەکانیان کردووە و ئەمڕۆش قیرتاوکردنی ئەو شەقامە تەواو دەکرێت و تائێستاش ٩٠%ی قیرتاوکردنی شەقامەکان تەواو بووە.

هەروەها هەندرێن محەمەد، لە تیمى ئەندازیارى نەوەى نوێ بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، ئەو ڕێگایەى کارى تێدادەکەن چاڵ و چۆڵیەکى زۆرى تێدایە، بۆیە لەماوەى ڕابردوودا گرفتى زۆرى بۆ هاوڵاتیان دروست کردبوو.

هاوڵاتییەکی دانیشتووی هەڵەبجەش باسی لەوەکرد، سوپاسی تیمە ئەندازیارییەکەی نەوەی نوێ دەکەن کە هەستاون بە نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە شەقامەکانی هەڵەبجە، چونکە جگە لەوەی ئەو شەقامانەی نۆژەنکراونەتەوە رێگای سەرەکی ناوچەیەکی گەشتیارین، لە کاتی وەرزی باران بارینیش رێگاکە چەندین چاڵ و چۆڵی تێدابووە کە زیانی زۆری بە شۆفێران گەیاندووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە رێژەیەکى زۆر لە رێگاوبانەکانى هەڵەبجە تێکچون و پێویستیان بەچاکردنەوە هەیەو چەندجارێک هاوڵاتیان، شارەوانى و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە گرفتەکە ئاگادار کردوەتەوە بەڵام وەک خۆیان ئاماژەى بۆ دەکەن بەدەمیانەوە نەهاتوون.

لەماوەى ڕابردووشدا گروپى شەقامى هەڵەبجەو چالاوانى شارەکە لەڕێگەى نەمام ناشتنەوە لەناو چاڵ و چۆڵیەکان و نوسینى ناوى بەرپرسەکان لەسەر شەقامەکان بەرپرسانى شارەکەیان لە کەم و کورتى شەقامەکان ئاگادار دەکردەوە.