سەردێڕ:

وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردە کردنی تەماتەی قەدەغەکرد

فۆتۆ: 
2019-08-22

8277 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هەولێر، هێرش قادر

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، هاوردەکردنی تەماتەى لە دەرەوەى هەرێم قەدەغەكرد.

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەپێناو بە بازاڕكردنی بەرھەمی ناوخۆ و ساغکردنەوەى بەرھەمەکانى جوتیاران، وەزارەتی كشتوكاڵ لە یەکى ئەیلولەوە تا کاتێکى نادیار ھاوردەكردنی تەماتە قەدەغە دەکات.

ڕاشیگەیاند، لەڕێگەى لیژنەکانیانەوە لە عەلوەكاندا رۆژانە چاودێری نرخى بەرهەمەکان دەكەن، هەرکات نرخى تەماتە بەرزبووەوە لە بازاڕەکاندا ئەوا بەمەبەستى پاراستنى مافى بەکاربەر بڕیارەکە هەڵدەوەشێننەوە.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ وتیشی، ئەم بڕیارە هاوردەکردنى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانى شارەکانى باشور و ناوەڕاستى عێراقەوە ناگرێتەوە، چونکە ڕیککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە کە بازاڕەکانى هەرێم و عێراق یەک بازاڕ بن.

بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم دوای ئەوەی هات لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان ژمارەیەک جوتیار بەرهەمەکانیان فڕێدا، بڵاوبوونەوەی دیمەنی فڕێدانی بەرهەمی جوتیارانیش کاردانەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دروستکرد و بەشێک لە هاوڵاتیان وەزارەتی کشتوکاڵیان بە کەمتەرخەم بەرامبەر  ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆی تۆمەتبارکرد.